سعودیە: سووربوونی ئێران لەسەر پێشێلکردنی بنەماکانی دراوسێیەتیی باش متمانەی هەرێمیی پێ نەهێشتووە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی سعودیە رایگەیاند، سووربوونی ئێران لەسەر پێشێلکردنی بنەماکانی دراوسێیەتیی باش بووەتە هۆی نەمانی متمانەی هەرێمی و نێودەوڵەتی پێی.
باسی لەوەش کرد، بەردەوامبوونی دەستدرێژییەکان بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە هیچ دەستکەوتێک بۆ تاران بەدەستناهێنێت، بەڵکو گۆشەگیرییەکەی زیاتر دەکات و باجێکی سیاسیی گەورەی دەبێت.
ئێرانیش بەردەوام باس لەوە دەکات، ئەوان دامەزراوە مەدەنییەکانیان بۆردوومان نەکردووە تەنیا بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایان پێکاوە.
شازادە فەیسەڵ بن فەرحان ئال سعود، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لە کۆتایی کۆبوونەوەی وەزیرانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی کە لە ریاز بەڕێوەچوو، سەرکۆنەی "دەستدرێژییە تاوانکارییەکانی ئێران"ی بۆ سەر سعودیە و وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداوی کرد. جەختیکردەوە، ئەم هێرشانە پێشێلکارییەکی ئاشکرای پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان و یاسای نێودەوڵەتین و هەڕەشەن بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشیی نێودەوڵەتی.
فەیسەڵ بن فەرحان، جەختیکردەوە، "تاران پێشوەختە پلانی بۆ ئەم رەفتارە دووژمنکارانەیە داناوە" و بە "درێژکراوەی تۆمارێکی مێژوویی لەسەر بنەمای زۆرلێکردن و چاودێریکردنی میلیشیاکان" ناساندی.
هاوکات، بن فەرحان ئاماژەی بە پشتیوانیی نێودەوڵەتیی بێوێنە بۆ هەڵوێستی عەرەبی و ئیسلامی کرد، کە لە پشتیوانیی 136 وڵات دەرکەوت بۆ بڕیارێک کە سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێران دەکات و داوای راگرتنی دەستبەجێی دەکات.
سەبارەت بە کۆبوونەوەی هاوشانەکانی، شازادە فەیسەڵ بن فەرحان ئال سعود رایگەیاند، جەختیان کردووەتەوە لەسەر "پێویستیی جێبەجێکردنی بڕیارە نێودەوڵەتییەکە، راگرتنی پشتیوانی لە میلیشیاکان و وازهێنان لەو سیاسەتە دووژمنکارانەیەی کە سەقامگیریی ناوچەکە تێکدەدەن."
هەروەها باسی لە لێکەوتە مەترسیدارەکانی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئازادیی کەشتیوانی لە کەنداوی عەرەبی و تەنگەی هورمز کرد. هۆشداریدا لە کاریگەرییەکانی لەسەر ئابووریی جیهان و ئاسایشی وزە و خۆراک. ئاماژەی بەوەشکرد، لێدان لە ئامانجی سەرچاوەکانی وزە و پەکخستنی زنجیرەکانی دابینکردنی پەیین، کاریگەریی نەرێنی لەسەر وڵاتانی گەشەسەندوو و هەژار بەتایبەتی دەبێت.
وەزیری دەرەوەی سعودیە "پاساوەکانی ئێرانی بۆ لێدانی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا" رەتکردەوە. جەختیکردەوە، هێرشەکان دامەزراوەی مەدەنی و دامەزراوەی گرنگیان لە چەندین وڵاتی کەنداو کردووەتە ئامانج. پرسیاری کرد: "ئامانجی سەربازی لە پێکانی پاڵاوگەیەکی نەوت لە ریاز یان کێڵگە نەوتییەکان چییە؟" راشیگەیاند، ئەم پاساوانە "بێ بنەمان و کەس باوەڕیان پێناکات دوای ئەوەی جیهان راستییەکان لەسەر زەوی دەبینێت."
سەبارەت بە هاوکاتبوونی هێرشەکەی سەر ریاز لەگەڵ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی وەزیران؛ روونیکردەوە، پەیامەکە روون بوو بە وروژاندنی کۆبووەکان و جەختیکردەوە، ئێران بە ئەنقەست پەیامی هەڵکشاندنی گرژییەکان هاوکات لەگەڵ کۆبوونەوە دیپلۆماسییەکان دەنێرێت. گوتی: "ئێمە هەرگیز هەستمان نەکردووە ئێران دەتوانێت هاوبەشێکی رەوا و ستراتیژی بێت کاتێک بەم شێوەیە رەفتار دەکات."
سەبارەت بە داهاتووی پەیوەندییەکان لەگەڵ تاران، وەزیری دەرەوەی سعودیە جەختیکردەوە، "رەفتاری دووژمنکارانەی ئێران دەرفەتێکی راستەقینەی لەدەستداوە بۆ ئەوەی ببێتە هاوبەشێکی ستراتیژی بۆ ناوچەکە." راشیگەیاند، سعودیە و وڵاتانی کەنداو چەندین جار دەستیان بۆ لایەنی ئێرانی درێژکردووە، بەڵام "کارە لەپێشینەکانی حکومەتی ئێران رووبەڕووبوونەوە و بڵاوکردنەوەی هەژموون و پەرەپێدانی ئامرازەکانی وێرانکاری بووە، نەک ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان."
لە وەڵامی گوتاری تاران بۆ بەدەستهێنانی سۆزی جیهانی ئیسلامی، شازادە فەیسەڵ بن فەرحان ئال سعود، سەرسوڕمانی خۆی لە ناکۆکیی ئەم گوتارە لەگەڵ کردارەکانی لەسەر زەوی دەربڕی و پرسیاری کرد: "چۆن ئێران لە پێناو کێشەکانی جیهانی ئیسلامیدا دەجەنگێت لە کاتێکدا هێرش دەکاتە سەر وڵاتانی ئیسلامی؟" ئاماژەی بەو وڵاتە ئیسلامییانە کرد کە رووبەڕووی دەستدرێژییەکانی ئێران یان دەستێوەردان لە رێگەی میلیشیاکانەوە دەبنەوە، لە سعودیە و ئیماراتەوە تاوەکو عێراق و لوبنان و سووریا.
پەیامێکی "هۆشداری: ئاراستە کرد، کە ئارامیی سعودیە بێسنوور نییە و توانای وەڵامدانەوەی هەیە ئەگەر بڕیاری ئەوە بدات و داوای لە ئێران کرد پێداچوونەوە بە سیاسەتە هەڵەکانیدا بکات. هیوای خواست لە پەیامی کۆبوونەوەکە تێبگەن، بەڵام گوتیشی: "گومانم هەیە لەم قۆناخەدا ئەو ژیرییەیان هەبێت."
هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی عەرەبی، لەنێویاندا بەحرێن، بەردەوامە، سەرەڕای ئەوەی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، هەفتەیەک لەمەوبەر لە گوتارێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند، هێرشەکانیان بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ راگرتووە، مەگەر ئەوەی کە هێرشێک لە خاکی ئەو وڵاتانەوە بکرێتە سەر ئێران.
ئێران دەڵێت، وڵاتێکی دیاریکراو ناکاتە ئامانج، بەڵکو "بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا" لە ناوچەکە دەکاتە ئامانج، بەڵام هێرشەکانی زیانی بە دامەزراوە مەدەنییەکان گەیاندووە، لەوانە فڕۆکەخانە، بەندەر و باڵەخانەی جۆراوجۆر.
جەنگەکە پێی نایە رۆژی بیستەم و حکومەتی ئێران لە چەند رۆژی رابردوودا ئامارێکی نوێی بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام ئاژانسی چالاکڤانانی مافی مرۆڤ (هرانا) رۆژی 17 ئەم مانگە رایگەیاند: کۆی گشتیی کوژراوان: لانیکەم سێ هەزار و 114 کەسە، سڤیلەکان: هەزار و 354 کەس (لە نێویاندا 207 منداڵ ). هەروەها سەربازییەکان: هەزار و 138 ئەندامی هێزە چەکدارەکان و 622 کەسیش هێشتا ناسنامەیان دیار نییە.
بەپێی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، زیاتر لە 10 هەزار کەس بە هۆی بۆردوومانەکان برینداربوون.
سەرەڕای پێشکەوتنی تاران لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ واشنتن سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بە شایەتیی نێوەندگری عومانی، رووبەڕووی هێرش بووەتەوە. ئەمە دووەمجارە تەلئەبیب مێزی گفتوگۆکان هەڵدەگەڕێنێتەوە، کە یەکەمیان بووە هۆی هەڵگیرسانی شەڕی حوزەیرانی 2025.