بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی پێنجشەممە، 19ی ئاداری 2026، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە قودس-ئورشەلیم رایگەیاند: "من وای دەبینم کە ئەم جەنگە زۆر خێراتر لەوەی خەڵک بیری لێ دەکاتەوە کۆتایی دێت."
نەتەنیاهوو ستایشی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا کرد و گوتی: "پێموانییە هیچ دوو سەرکردەیەک هێندەی من و سەرۆک ترەمپ هاوئاهەنگ بووبن. ئەو رێبەرە و منیش هاوپەیمانی ئەوم."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی، ئەم هاوکارییە نزیکە بووەتەهۆی بەدیهێنانی دەستکەوتی مێژوویی لە مەیدانی جەنگ.
" ئیسرائیل کار بۆ فراوانکردنی درزەکانى نێو سەرکردایەتیی ئێران دەکات"
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد، نیشانەکانی داڕمان لەنێو سەرکردایەتیی ئێراندا دەبینرێن، بەتایبەت کە موجتەبا خامنەیی، رێبەری نوێی وڵاتەکە لە دوای دەستبەکاربوونییەوە هێشتا دەرنەکەوتووە.
نەتەنیاهوو گوتی: "دڵنیا نیم کێ ئێستا ئێران بەڕێوەدەبات. موجتەبا کە خۆی دەرنەخستووە. ئەوەی دەیبینین بوونی گرژییەکی زۆرە لەنێوان ئەو کەسانەی ململانێ لەسەر لووتکەی دەسەڵات دەکەن."
نەتەنیاهوو باسی لەوە کرد، ئیسرائیل کار بۆ فراوانکردنی ئەم درزانە دەکات، نەک تەنیا لە ئاستی فەرماندەیی باڵا، بەڵکو لە نێو کایە جیاوازەکانی مەیدانیشدا.
" ئێران توانای دروستکردنی مووشەکی بالیستی نەماوە"
لەبارەی تواناکانی ئێران، نەتەنیاهوو رایگەیاند، تاران لە هەموو ئەو ئامرازانە داماڵراوە کە هەڕەشەی پێ دروست دەکردن و گوتی: "ئێمە هەنگاوی کردەییمان ناوە بۆ وێرانکردنی ئەو پیشەسازییانەی دروستکردنی مووشەک فەراهەم دەکەن. ئێران چی دیکە توانای پیتاندنی یۆرانیۆم و بەرهەمهێنانی مووشەکی بالیستی نەماوە."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی: "ئێمە سەردەکەوین و ئێران خەریکە رادەماڵدرێت."
"ترەمپ داوای لێکردین هێرشەکان رابگرین"
نەتەنیاهوو ئاشکرای کرد کە ئیسرائیل "بە تەنیا" هێرشی کردووەتە سەر کۆمەڵگەی گازی "عەسەلویە" لە کێڵگەی گەورەی گازی "پارسی باشوور" لە ئێران.
ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ ئەو دەنگۆیانەی باس لە بەشداریی ئەمریکا لەو هێرشەدا دەکەن.
نەتەنیاهوو گوتی: "ئیسرائیل بە تەنیا هێرشی کردە سەر کۆمەڵگەی گازی عەسەلویە...سەرۆک ترەمپ داوای لێکردین هێرشەکانی داهاتوو رابگرین، ئێمەش وەستاوین."
لەبارەی دۆخی تەنگەى هورمز، نەتەنیاهوو گوتی، هەوڵەکانی تاران بۆ "باج وەرگرتن" لە جیهان لەرێگەی داخستنی ئەم رێڕەوە نێودەوڵەتییەوە سەرناگرێت.
گوتیشی کە ئەم جەنگە "زۆر خێراتر لەوەی خەڵک بیری لێ دەکاتەوە" کۆتایی پێ دێت.
"تەنیا لە ئاسمانەوە شۆڕش هەڵناگیرسێت"
نەتەنیاهوو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە ئەگەری گۆڕانکاری لە ئێران کرد و گوتی: "پرسیارەکە ئەوەیە ئایا دەرفەتی پێویست بۆ گۆڕانکارییەکی لەو جۆرە دەڕەخسێت؟ پێموایە هێشتا زۆر زووە تا بزانین."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی، تەنیا لە ئاسمانەوە شۆڕش هەڵناگیرسێت و پێویستە "لەسەر زەویش یارمەتیدەرێک هەبێت،" ئاماژەی بەوەش کرد کە بڕیاری کۆتایی لە دەستی خەڵکی ئێراندایە تاوەکو کاتەکە بقۆزنەوە.
ئەم لێدوانانەی نەتەنیاهوو لە کاتێکدایە، جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران پێی ناوەتە 19یەمین رۆژیەوە.