ئێران تەلئەڤیڤی مووشەکباران کردەوە؛ کرێکارێکی بیانی کوژرا و ئاماری کوژراوان گەیشتە 15 کەس
رووداو دیجیتاڵ
تەندروستیی ئیسرائیل رایگەیاند، لە ئەنجامی شەپۆلێکی نوێی مووشەکبارانی ئێران بۆ سەر نێوەڕاستی ئیسرائیل، پیاوێک گیانی لەدەستدا. بەمەش کۆی گشتیی ئەو کەسانەی لە دەستپێکی جەنگەوە لەو وڵاتە کوژراون، گەیشتە 15 کەس.
رۆژی پێنجشەممە 19-03-2026 دەزگەی فریاگوزاریی ئیسرائیل (ماگن دەیڤد ئادۆم) ئاشکرای کرد، قوربانییەکە "کرێکارێکی بیانی"یە و لە ناوچەی (مۆشەڤ ئەدانیم) کە نزیكەی 20 کیلۆمەتر لە باکووری رۆژهەڵاتی تەلئەڤیڤەوە دوورە، پێکراوە.
عیدان شینا، یەکێک لە پزیشکانی تیمەکەی (ماگن دەیڤد ئادۆم) لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "پارچە ئاسنی زۆر بە شوێنی رووداوەکەدا بڵاوبووەتەوە و لە تەنیشتیان پیاوێک کەوتبوو و بێهۆش بوو. بەهۆی سەختیی برینەکانیەوە کە بەهۆی پارچەی مووشەکەکەوە بوو، بەداخەوە هەر لەوێ گیانی لەدەستدا."
پێش ئەم رووداوە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاندبوو، ژمارەیەکی نوێی مووشەکیان دەستنیشان کردووە کە لە ناو خاکی ئێرانەوە بەرەو دەوڵەتی ئیسرائیل هاوێژراون و سیستمە بەرگرییەکان خەریکی بەرپەرچدانەوەی ئەو هەڕەشانە بوون.