کوێت 10 ئەندامی حیزبوڵڵای بە تۆمەتی پیلانی هێرشی "تێرۆریستی" بۆ سەر دامەزراوە هەستیارەکان دەستگیر کرد


رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی کوێت رایگەیاند، 10 ئەندامی گرووپی حیزبوڵڵایان دەستگیر کردووە کە پلانیان هەبووە کردەوەی "تێرۆریستی" دژی دامەزراوە گرنگ و هەستیارەکانی وڵات بکەن.
 
وەزارەتی ناوخۆی کوێت لە راگەیێندراوێکدا روونی کردەوە، دەزگەی ئاسایشی دەوڵەت توانیویەتی "پیلانێکی تێرۆریستی" بۆ بە ئامانجگرتنی دامەزراوە گرنگەکانی وڵاتەکە پووچەڵ بکاتەوە. ئەمەش دوای چاودێری و لێکۆڵینەوەیەکی وردی ئەمنی هات کە ماوەیەک بوو دەستی پێکردبوو.
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، ئەو 10 کەسەی دەستگیر کراون هەموویان هاووڵاتیی کوێتین و سەر بە "گرووپێکی تێرۆریستین" کە پەیوەندییان بە رێکخراوی حیزبوڵڵای قەدەخەکراوەوە هەیە.
 
وەزارەتەکە دەڵێ: "ئەوان پێشوەختە پیلانیان داناوە و هاوئاهەنگییان لەگەڵ لایەنی دەرەکی کردووە، هەوڵیان داوە سیخوڕی بکەن بە مەبەستی دابینکردنی زانیاری و ئاشکراکردنی ئەو شوێنانەی کە بڕیار بوو بکرێنە ئامانج." کوێت جەختی کردەوە، ئەمە هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بووە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی.
 
ئەم هەواڵە دوای ئەوە دێت، رۆژی دووشەممەش وەزارەتی ناوخۆی کوێت رایگەیاندبوو 16 کەسی دیکەیان (14 کوێتی و دوو لوبنانی) بە تۆمەتی پیلانی تێکدەرانە و پەیوەندی بە حیزبوڵڵاوە دەستگیر کردووە. 
 
وەزارەتەکە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە، تێیدا کەلوپەلە دەستبەسەرداگیراوەکان نیشان دەدات، لەوانەش؛ ئاڵاکانی حیزبوڵڵا. درۆنی بچووکی وێنەگرتن. وێنەی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران (کە لە 28ـی شوبات کوژرا). وێنەی حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری پێشووی حیزبوڵڵا (کە لە ئەیلوولی 2024 کوژرا).
 
گرووپی حیزبوڵڵای لوبنان پێشتر رەتیکردبووەوە هیچ یەک لەو 16 کەسەی رۆژی دووشەممە دەستگیر کراون، ئەندامی ئەوان بن.