نەتەنیاهوو: سوورم لەسەر ئەوەی رێگەنەدەم ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەستبێنێت
رووداو دیجیتاڵ
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سووربوونی خۆی دووپات دەکاتەوە لەسەر ئەوەی رێگە نادات ئێران ببێتە وڵاتێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی و دەڵێت: "تەنانەت یەک میلیمەتریش" لەو هەڵوێستەی خۆی پاشەکشە ناکات.
نەتەنیاهوو رۆژی شەممە لە پەیامێکی تەلەڤزیۆنیدا گوتی: "سوورم لەسەر ئەوەی رێگەنەدەم ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەستبێنێت. لەوە سڵ ناکەمەوە، دەستبەرداری نابم و پاشەکشەی لێ ناکەم، تەنانەت بە یەک میلیمەتریش."
لەبارەی جەنگی غەززەشەوە، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند: "لە قۆناخێکی یەکلاییکەرەوەی جەنگداین". گوتیشی: "خۆمان بە دەست داواکارییەکانی حەماسەوە نادەین،" چونکە ئەوە دەبێتە "سەرکەوتن بۆ ئێران."
نەتەنیاهوو هەڕەشەی کرد کە "تاوەکو توانا سەربازی و کارگێڕییەکانی حەماس" لەنێو نەبەن، لە جەنگ ناوەستن، چونکە ئەگەر بەو جۆرە نەکەن، "7ی ئۆکتۆبەر و رفاندنی بارمتەکان دووبارە دەبێتەوە."
بە گوتەی نەتەنیاهوو، سوپای ئیسرائیل لە رێڕەوی فیلادیلفیا لە سنووری غەززە و میسر و ناوچەکانی دیکەی ناوچە فەلەستینییەکە دەمێنێتەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە حەماس دەیەوێت سوپای ئیسرائیل لە غەززە بکشێتەوە و دەسەڵاتی غەززە بگەڕێتەوە دەستی.
نەتەنیاهوو گوتی: "جێبەجێکردنی ئەو مەرجانە دەبێتە پەیام بۆ دووژمنانی ئیسرائیل کە دەتوانن لە رێگەی هێرشکردن و رفاندنی بارمتەکان، ئیسرائیل بە چۆکدا بێنن."
لە وەڵامی قسەکانی نەتەنیاهوودا، نوێنەری خێزانی بارمتەکانی ئیسرائیل داوای کرد، کۆتایی بە جەنگ بهێندرێت بۆ ئەوەی بارمتەکان بە سەلامەتی بگەڕێندرێنەوە.