سوپای ئیسرائیل کوژرانی سەربازێکی دیکەی لە باشووری لوبنان راگەیاند
رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، سەربازێکیان لە کاتی شەڕ و پێکداداندا لە باشووری لوبنان کوژراوە، ئەمەش لە کاتێکدایە لە رۆژی هەینییەوە ئاگربەستێکی کاتی لە ناوچەکەدا چووەتە واری جێبەجێکردنەوە.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، "لیدۆر پۆرات، تەمەن 31 ساڵ، خەڵکی ئەشدۆد و سەرباز لە فەوجی 7106 لە لیوای 769ی ناوچەیی، لە کاتی شەڕدا لە باشووری لوبنان کوژرا." سوپا وردەکاریی زیاتری لەبارەی چۆنییەتی کوژرانی ئەو سەربازە بڵاونەکردووەتەوە.
بەپێی ئامارەکانی ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس کە پشت بە داتاکانی سوپای ئیسرائیل دەبەستێت، کۆی ژمارەی سەربازە کوژراوەکانی ئیسرائیل لە ماوەی شەش هەفتەی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵادا گەیشتە 15 سەرباز.
هەروەها ئەمە دووەم سەربازی ئیسرائیلییە کە لە دوای دەستپێکردنی ئاگربەستە 10 رۆژییەکەوە هەواڵی کوژرانی لە باشووری لوبنان رابگەیێندرێت.
شەڕی نوێی ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە 2ی ئادارەوە دەستیپێکرد، کاتێک حیزبوڵڵای لوبنانی بە مووشەک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل بۆ تۆڵەکردنەوەی کوژرانی رێبەری باڵای ئێران کە 28ی شوبات لە هێرشە سەرەتاییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر تاران کوژرا.
دواتر ئیسرائیل بە زنجیرەیەک هێرش بۆ سەر بەیرووت و ناوچەکانی باشووری لوبنان وەڵامی دایەوە و ئۆپەراسیۆنێکی زەوینیشی لە باشووری ئەو وڵاتە دەسپێکرد.