فەرماندەی گشتیی ئەرتەشی ئێران: پەنجەمان لەسەر پەلەپیتکەیە


رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەی گشتیی ئەرتەشی ئێران هۆشدارییەکی تووند دەداتە ئەمریکا و ئیسرائیل و دەڵێت، هێزەکانیان لە ئەوپەڕی ئامادەباشیدان، دەستیان لەسەر پەلەپیتکەیە و ئامادەی بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێکن.
 
رۆژی یەکشەممە، 19ـی نیسانی 2026، ئەمیر حاتەمی گوتی: "هەر چوار هێزەکەی ئەرتەش (زەوینی، ئاسمانی، دەریایی و بەرگریی ئاسمانی) بە هاوئاهەنگی و هاودڵی لەگەڵ براکانیان لە هێزە چەکدارەکانی دیکە، پابەندی جێبەجێکردنی فەرمانەکانی رێبەری باڵان؛ ئەو دووژمنە بەدخوازانەشی چاویان لە خاکی ئێرانە، بە تووندى وەڵام دەدرێنەوە."
 
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، فەرماندەی گشتیی ئەرتەشی ئێران رایگەیاند، هێزەکانیان بۆ هەر ئەگەرێکی رووبەڕووبوونەوە ئامادەن و گوتی: "پەنجەمان لەسەر پەلەپیتکەیە و هێزەکانمان تاوەکو دوا هەناسە ئامادەی بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێکن."
 
ئەمیر حاتەمی گوتیشی: "ئەرتەش ئامادەیە تاوەکو دوا دڵۆپی خوێن قوربانی بدات بۆ پاراستنی گەل و خاکی ئێران. هێزەکانی ئەرتەش تاوەکو بەدیهێنانی سەرکەوتن، چاو لە چاوی دووژمن و بە گوێڕایەڵی بۆ فەرمانی رێبەر، پەنجەیان لەسەر پەلەپیتکە دەبێت و ئامادەن بۆ فیداکاری."
 
هۆشداریی فەرماندەی گشتیی ئەرتەشی ئێران لە کاتێکدایە، ئاگربەستە 2 هەفتەییەکەی نێوان ئێران و ئەمریکا تەنیا 2 رۆژی ماوە. 
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی ئەوەی کردووە ئەگەر لەگەڵ ئێران نەگاتە رێککەوتن، شەڕ دەستپێدەکاتەوە و هەموو پرد و وێستگەکانی وزەی ئێران لەنێودەبات.