ئیسرائیل داوای چۆڵکردنی 12 شارۆچکەی لوبنان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی کردە سەر ناوچە جیاجیاکانی لوبنان، بە تایبەتی باشووری ئەو وڵاتە؛ هاوکات هۆشداری بە دانیشتووانی 12 شارۆچکە دا کە ماڵەکانیان چۆڵ بکەن، ئەوەش سەرباری هەبوونی ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا.
رۆژی سێشەممە، 19ـی ئایاری 2026، میدیای فەرمیی لوبنان بڵاویکردەوە، هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل ناوچەکانی دەوروبەری شاری (سوور) و پارێزگای (نەباتیە)ـیان لە باشووری وڵات کردووەتە ئامانج.
بەگوێرەی ڤیدیۆ بڵاوبووەوەکان، لە ناوچەی (مەعشووق) لە سنووری شاری سوور، دوو نهۆمی باڵەخانەیەک بەتەواوی رووخاون و زیانێکی زۆریش بە باڵەخانەکانی دەوروبەر و ئۆتۆمبێلەکان گەیشتووە.
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان ئاماژەی بەوە کرد، رۆژێک پێشتر هێرشێکی دیکە بۆ سەر هەمان ناوچە، بنکەیەکی تەندروستیی سەر بە کۆمەڵەی تەندروستیی ئیسلامی (کە سەر بە حیزبوڵڵایە) وێران کردووە.
هەر رۆژی سێشەممە، هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر گەڕەکی (سەرای) لە نەباتیە، کە ناوچەیەکی بازرگانییە، بووە هۆی وێرانبوونی بەشێکی زۆری گەڕەکەکە.
سوپای ئیسرائیل هۆشداریی چۆڵکردنی بە دانیشتووانی 12 شارۆچکە دا کە 11ـیان لە باشوور و یەکێکیان لە ناوچەی (بیقاع)ـە لە رۆژهەڵاتی لوبنان.
بەدیلگرتنی هاووڵاتییان و وەڵامی حیزبوڵڵا
بەرگریی شارستانیی لوبنان دەڵێ، دوای چوونەناوەوەی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ نێو شارۆچکەی (رەشایا ئەلفەخار) لە باشووری وڵات، پەیوەندییان لەگەڵ حەوت هاووڵاتی پچڕاوە. دواتر سوپای ئیسرائیل چواریانی ئازاد کرد، بەڵام سێ کەسەکەی دیکە هێشتا لای ئیسرائیل ماون.
حیزبوڵڵای لوبنان دەڵێ، چەندین هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان. سوپای ئیسرائیلش رایگەیاند کە درۆنێکی تێکشکاندووە کە لە لوبنانەوە ئاراستەکرابوو.
ئاماری قوربانییان
حیزبوڵڵا لە 2ـی ئاداری ئەم ساڵەوە بە هاوێشتنی مووشەک بۆ سەر ئیسرائیل، لوبنانی پەلکێشی نێو جەنگی ئێران کرد. سەرباری ئەوەی لە 17ـی نیسانی رابردوودا ئاگربەست راگەیێندرا، بەڵام ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشە ئاسمانییەکانی و دەرکردنی فەرمانی چۆڵکردنی شارۆچکەکان بە پاساوی ئەوەی حیزبوڵڵا دەکاتە ئامانج.
بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی لوبنان، لە 2ـی ئاداری ئەم ساڵەوە زیاتر لە سێ هەزار کەس لە لوبنان لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل کوژراون.
سوپای ئیسرائیلیش رایگەیاندووە کە لە سەرەتای جەنگەکەوە 20 سەرباز و بەڵێندەرێکی سڤیلیان لە باشووری لوبنان کوژراون.