پەڵەیەکی نەوت مەترسی لەسەر ئاسایشی ئاوی وڵاتانی کەنداو دروستدەکات
رووداو دیجیتاڵ
دیمەنە ڤیدیۆییەکان و وێنە سەتەلایتییەکان کارەساتێکی ژینگەیی لە کەنداو ئاشکرا دەکەن. پەڵەیەکی گەورەی نەوت کە بەهۆی هێرشکردنە سەر پاڵاوگەیەکی ئێرانەوە دروستبووە، گەیشتووەتە کەناراوەکانی دوورگەی (شیدڤار) کە یەکێکە لە گرنگترین ناوچە پارێزراوەکانی جیهان بۆ باڵندە و کیسەڵە دەریاییەکان.
دوورگەی شیدڤار (کە بە دوورگەی مارۆش دەناسرێ) و بەهۆی جوانییەکەیەوە بە "ماڵدیڤی ئێران" ناوبانگی دەرکردووە، ئێستا کەناراوە سپییەکانی بە پاشماوەی نەوتی رەش داپۆشراون.
ئەو ڤیدیۆیانەی کە لەلایەن رۆژنامەی (نیویۆرک تایمز) و ئاژانسی (ئەسۆشییەتد پرێس)ــەوە پشتڕاستکراونەتەوە، دیمەنی باڵندە، کیسەڵ و قرژاڵەکان نیشان دەدەن کە لەنێو نەوتدا گیریان خواردووە و بەشێکیشیان مردار بوونەتەوە.
هۆکاری کارەساتەکە و پچڕانی ئینتەرنێت
شارەزایان دەڵێن، سەرچاوەی ئەم پیسبوونە هێرشێکی "تەمومژاوی" بووە بۆسەر پاڵاوگەی نەوتی دوورگەی (لاڤان) لە 8ـی نیسانی رابردوو، کە تەنیا چەند کاژێرێک دوای راگەیاندنی ئاگربەست لە جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا روویدا.
هەرچەندە کارەساتەکە مانگی رابردوو روویدا، بەڵام بەهۆی پچڕانی ئینتەرنێتی نێودەوڵەتی لە سەرانسەری ئێران لە کاتی جەنگدا، زانیارییەکان نەگەیشتنە جیهان. ئیحسان جەلالی، هاووڵاتی ئێرانی یەکەم کەس بووە ڤیدیۆی کارەساتەکەی بڵاوکردووەتەوە و لە ڤیدیۆکەدا دەڵێ: "خودایە دەریا پڕ بووە لە نەوت، دوورگەی جوانی مارۆ وێران بوو."
مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ئاوی ناوچەکە
جگە لە لەنێوچوونی ژیانی کێوی، مەنووچێهر شیرزادی، شارەزای ژینگەیی لە زانکۆی (ڤێرجینیا تێک) هۆشداری دەدات کە ئەم پەڵە نەوتییە مەترسیی راستەوخۆیە بۆسەر وێستگەکانی شیرینکردنی ئاوی دەریا لە وڵاتانی کەنداو.
زۆربەی ئەم وڵاتانە بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی شارەکانیان پشت بە ئاوی کەنداو دەبەستن و پیسبوونی ئاوەکە دەبێتەهۆی پەککەوتنی ئەو وێستگە ستراتیژییانە.
بەرپرسانی ئێران، دەوڵەتی ئیمارات بە ئەنجامدانی هێرشەکە بۆ سەر پاڵاوگەی لاڤان تۆمەتباردەکەن، بەڵام بەرپرسانی ئیماراتی ئەوەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە.
ناوچەیەکی پارێزراوی نێودەوڵەتی
دوورگەی شیدڤار کە رووبەرەکەی 870 هێکتارە، لە ساڵی 1972ـەوە وەک پەناگەی ئاژەڵە کێوییەکان ناسێندراوە. ئێستا کە وەرزی زۆربوونی باڵندەکان و هەڵاتنی کیسەڵە دەریاییەکانە، نەوتەکە بووەتە هۆی لەناوبردنی نەوەی نوێی ئەو بوونەوەرانە.
کاوە مەدەنی، بەڕێوەبەری پەیمانگەی ئاوی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، "نەوت کە رژایە نێو کەنداوەوە، چیدیکە بەپێی لۆژیکی جەنگ ناجووڵێتەوە، بەڵکو دەچێتە نێو جەستەی هەموو ئەو ئاژەڵانەی موڵکی تەواوی ناوچەکەن."