ئیسرائیل: دوو لەسەر سێی سەکۆی مووشەکهاوێژەکانی ئێرانمان لەنێوبردووە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی سەربازیی ئیسرائیل راگەیاندووە، هێزی ئاسمانیی وڵاتەکەیان دوو لەسەر سێی سەکۆی مووشەکهاوێژی ئێرانیان لە ماوەی 7 رۆژی رابردوودا لەنێوبردووە. ئاماژە بەوەش دەکات، ئێستا تاران زیاتر لە 100 سەکۆی مووشەکهاوێژی ماوە.
رۆژی پێنجشەممە 19ی حوزەیرانی 2025 ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی ئیسرائیلییەوە بڵاویکردووەتەوە، بەگوێرەی خەمڵاندنەکانی ئەوان، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە دەستپێکی هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران لە 13ی حوزەیرانەوە، دوو لەسەر سێی سەرکۆی مووشەکهاوێژی جۆری بالیستیی ئێرانیان لەنێوبردووە.
هەروەها ئەو بەرپرسەی ئیسرائیل، کە ناوی بڵاونەکراوەتەوە، ئاماژەی بەوەش کردووە، هێشتا ئێران خاوەنی زیاتر لە 100 سەکۆی مووشەکهاوێژە.
فەرماندە سەربازییەکانی ئیسرائیل رایانگەیاندووە، ئامانجێکی سەرەکیی هێرشەکانیان ئەو سەکۆی مووشەکهاوێژانەن، چونکە وەکو ئیسرائیلییەکان دەڵێن، ئەو سەکۆیانە خاڵی سەرەکیی توانای تارانن بۆ هاویشتنی هەزاران مووشەک بۆ ئیسرائیل.
بەرپرسەکە بە رۆیتەرزی راگەیاندووە، "ئێمە هێرشمان کردووەتە سەر تەواوی پێگە سەربازییەکان لە کارگەی سەربازیی بەرهەمهێنانی چەکەوە تاوەکو خودی سەکۆی مووشەکهاوێژەکان، و هەموو پێکهاتەکانی."
بەرپرسانی ئیسرائیلی مەزەندەیان کردووە، پێش رۆژی هەینی و دەستپێکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل، ئێران خاوەنی نزیکەی 2000 مووشەکی بالیستی بووە.
لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، بەرپرسەکە رایگەیاندووە، "ئێمە گوتمان زیانێکی گەورە بە دامەزراوە ئەتۆمییەکان دەگەیێنین، بەڵام رامانگەیاندووە بە تەواوی لەنێویان دەبەین. ئێمە سنوورەکانی خۆمان دەزانین."
ئەم زانیاریانەی بەرپرسانی ئیسرائیلی لە کاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممە ئێران زنجیرە هێرشێکی مووشەکیی نوێی کردە سەر ئیسرائیل و زیانێکی زۆری پێگەیاندن. بەگوێرەی زانیارییەکانی سوپای ئیسرائیل، ئێران لە هێرشە مووشەکییەکەی بەیانیی پێنجشەممەدا مووشەکی هێشوویی بەکارهێناوە، کە تێیدا یەک سەرە مووشەکە لە کاتی تەقاندنەوەیاندا دابەش دەبێت بۆ چەندین بۆمبی بچووکتر، بەمەش کاریگەریی زیانەکان گەورەتر دەبێت.