نێردەی ئەمریکا: بەشداریکردنی حیزبوڵڵا لە جەنگی ئیسرائیل و ئێران بڕیارێکی خراپ دەبێت

 
رووداو دیجیتاڵ

نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا هۆشداری بە حیزبوڵڵای لوبنانی دا کە بە هیچ شێوەیەکی هەوڵی بەشداریکردن لە جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران نەدات، لە ئەگەری هەنگاوێکی لەو جۆرەش "بڕیارێکی خراپ دەدات."
 
رۆژی پێنجشەممە 19ی حوزەیرانی 2025 تۆمارس باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، یەکەم سەردانی بۆ بەیرووتی پایتەختی لوبنان کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای لوبنان، لەنێویشیاندا نەبیح بەری، سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان و هاوپەیمانی حیزبوڵڵا کۆبووەوە.
 
لەدوای کۆبوونەوەکانی، نێردەی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی هەڵوێستی ئەمریکا لەسەر هەر جۆرە تێوەگلانێکی حیزبوڵڵا لەو جەنگەدا گوتی، "دەتوانم لەبری سەرۆک ترەمپ بڵێم، ئەوە بڕیارێکی زۆر زۆر زۆر خراپ دەبێت."
 
باراک ئاماژەی بەوەش کرد، واشنتن "پابەندە بە هاوکاریکردنی هەمووان، بۆئەوەی سەقامگیری لە ناوچەکە بپارێزین، بەمزووانەش ئاژاوە نەمێنێت و ئاشتی و خۆشگوزەرانی گەشە بکات."
 
حیزبوڵڵا، کە بە یەکێک لە گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە ناوچەکە ناسراوە، لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە رۆژی 13ی حوزەیران، هەرزوو سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کرد، بەڵام نیازی خۆی بۆ دەستوەردان بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە تاران لەو جەنگە رانەگەیاند.
 
رۆژی پێنجشەممەش لەدوای هەڕەشەکانی بەرپرسانی ئیسرائیل لە رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، حیزبوڵڵا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر رێبەری باڵای ئێران، دەرئەنجامێکی سامناکی لێدەکەوێتەوە."
 
حیزبوڵڵا لە شەڕە 14 مانگییەکەیدا لە دوو ساڵی رابردوودا، رووبەڕووی زیانێکی گەورە بووەوە و لەمیانی ئەو شەڕەشدا حەسەن نەسروڵڵای ئەمیندارە لەمێژینەکەی لەدەستدا، دواجاریش لە مانگی تشرینی دووەمی پار، شەڕەکە بە ئاگربەست کۆتایی هات.
 
هەر لەدوای هەڵگیرسانی ئەو جەنگە، رۆژی شەممە 14ی حوزەیران، وەزارەتی دەرەوەی لوبنان رایگەیاند، "بەردەوامە لە پەیوەندییەکانی، بۆئەوەی وڵاتەکە لە تێوەگلان لە هەر ناکۆکییەکی ناوچەکە بپارێزێت."
 
بەپێی ئەو رێککەوتننامەی کە ئاگربەستەکەی ساڵی رابردووی لوبنانی هێنایە ئاراوە؛ پێویست بوو حیزبوڵڵا چەکدارەکانی بۆ باکووری رووباری لیتانی بکشێنێتەوە، کە نزیکەی 30 کیلۆمەتر لە سنووری ئیسرائیلەوە دوورە و ئەو بۆشاییەش تەنیا لەلایەن سوپای لوبنان و هێزە ئاشتیپارێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان پڕبکرێتەوە.
 
بەگوێرەی رێککەوتنی ئاگربەستی پار، داوا لە ئیسرائیل کراوە بە تەواوی هێزەکانی لەنێو لوبنان بکشێنێتەوە، بەڵام لە 5 پێگەدا هێزەکانی هێشتوونەتەوە، کە ئیسرائیل بە "پێگەی ستراتیژی" ناویان دەبات.
 
بەڵام سەرەڕای بەردەوامیی ئاگربەستە ناسکەکەی ناوچەکانی باشووری لوبنان، ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشکردنەسەر ئەو ناوچانە و بەردەوامیش رایگەیاندووە تاوەکو حیزبوڵڵا چەک نەکرێت، ئەوا هێرشەکان راناگرێت.
 
دەسەڵاتدارانی لوبنان رایانگەیاند، رۆژی چوارشەممە ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر ناوچەی کەفەرجوز لە باشووری لوبنان و بەپێی وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، ئەو هێرشەی ئیسرائیل بووەتە هۆی کوژرانی دوو کەس، بەڵام سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە لە هێرشەکانیدا دوو ئەندامی حیزبوڵڵایان کوشتووە.