وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: نابێت چیدیکە رێگە بە خامنەیی بدرێت لە گۆڕەپانەکەدا بمێنێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، نابێت چیدیکە رێگە بە عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بدرێت "لە گۆڕەپانەکەدا بمێنێتەوە"، ئەمەش تەنیا چەند رۆژێک دوای ئەو راپۆرتانە دێت کە باس لەوە دەکەن واشنتن ڤیتۆی لەسەر پلانێکی ئیسرائیل بۆ کوشتنی خامنەیی داناوە.
ئەم لێدوانەی یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دوای ئەوە هات کە نەخۆشخانەی سۆرۆکا لە شاری بیرشیڤای باشووری ئیسرائیل رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشێکی مووشەکیی نوێی ئێراندا 70 کەس بریندار بوون.
کاتس لە شاری هۆلۆن لەنزیک تەل ئەڤیڤ بە رۆژنامەڤانانی گوت، "خامنەیی بە ئاشکرا رایگەیاندووە، دەیەوێت ئیسرائیل لەناوببات. خودی خۆی فەرمانی مووشەکبارانکردنی نەخۆشخانەکان دەدات. پیاوێکی لەو جۆرە نابێت چیدیکە رێگەی پێبدرێت لە گۆڕەپانەکەدا بمێنێتەوە."
کاتێک رۆژی پێنجشەممە 19-06-2025 لە سەردانێکیدا بۆ بیرشیڤا پرسیار لەبارەی خامنەییەوە لە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کرا، گوتی، "من روونم کردووەتەوە کە هیچ کەسێک پارێزبەندیی نییە."
نەتەنیاهوو گوتی، "پێموایە لە جەنگدا، مرۆڤ دەبێت وشەکانی بە وریاییەوە هەڵبژێرێت و کردارەکانی بە وردی جێبەجێ بکات."
رۆژی یەکشەممە، بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی رایگەیاند، "دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا زانیویەتی کە ئیسرائیلییەکان پلانیان هەبووە هێرش بکەنە سەر رێبەری ئێران."
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە، کە بە مەرجی ئاشکرانەکردنی ناوی قسەی کردووە، گوتوویەتی، "سەرۆک ترەمپ دژی ئەمە بوو، ئێمە بە ئیسرائیلییەکانمان گوت کە ئەو کارە نەکەن."
نەتەنیاهوو نە ئەم بانگەشەیەی پشتڕاستکردووەتەوە و نە رەتیشیکردووەتەوە. لە هەڤپەیڤینێکی تەلەڤیزیۆنیدا رۆژی دووشەممە 16ی حوزەیران، ئەو ئەگەرەی رەتنەکردەوە و گوتی، کوشتنی خامنەیی کە تەمەنی 86 ساڵە و لە ساڵی 1989ـەوە حوکمڕانیی ئێران دەکات، "کۆتایی بە ململانێی" نێوان هەردوو وڵات دەهێنێت.
ترەمپ رۆژی سێشەممە نووسیبووی، ویلایەتە یەکگرتووەکان شوێنی خامنەیی دەزانێت، بەڵام "بۆ ئێستا" نایکوژێت.
ئیسرائیل رۆژی هەینیی رابردوو هێرشی کردە سەر ئێران و رایگەیاند، ئەمە هەنگاوێکی دوا خولەک بووە بۆ رێگریکردن لە دەستکەوتنی چەکی ئەتۆمی. لەو کاتەوە سەدان ئامانجی پێکاوە، لەوانەش فەرماندەی سەربازی، زانای باڵای ئەتۆمی و دامەزراوەی سەربازی و ئەتۆمی.
نەتەنیاهوو بە ئاشکرا نەیگوتووە کە ئیسرائیل هەوڵی رووخاندنی حکومەتی ئێران دەدات، تەنیا ئەوە نەبێت کە "گۆڕینی رژێم دەکرێت یەکێک بێت لە دەرەنجامەکانی کردەوە سەربازییەکانیان."