نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا: ئیسرائیل و سووریا لەسەر ئاگربەست رێککەوتن
رووداو دیجیتاڵ
نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا رایدەگەیێنێت، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و سەرۆکی سووریا بە پشتیوانیی ئەمریکا لەسەر ئاگربەستێک رێککەوتوون و داواش لە درووز، بەدەوی و سوننەکانی سووریا دەکات چەک دابنێن و "ناسنامەیەکی نوێی سووری" بنیات بنێن.
رۆژی شەممە، 19-07-2025، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سووریا، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، رێککەوتنەکەی بە "پێشهاتێکی گەورە" ناوبرد.
لە پەیامەکەیدا هاتووە: "بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی [کاتیی] سووریا بە پشتیوانیی ئەمریکا و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە مارکۆ رۆبیۆ، لەسەر ئاگربەستێک رێککەوتوون کە لەلایەن تورکیا، ئوردن و دراوسێکانیانەوە پێشوازیی لێکراوە."
نێردە تایبەتەکەی ئەمریکا لە بەشێکی دیکەی قسەکانی کە لە ئێکس کردوونی. دەڵێت: "داوا لە درووزەکان، بەدەوییەکان و سوننەکان دەکەین چەکەکانیان دابنێن و پێکەوە لەگەڵ کەمینەکانی دیکەدا، ناسنامەیەکی نوێ و یەکگرتوویی سووری لە ئاشتی و خۆشگوزەرانیدا لەگەڵ دراوسێکانیان بنیات بنێن."
رۆژی 13ی تەممووز، لە سوەیدا شەڕ لە نێوان بەشێکی گرووپە چەکدارەکانی دروزەکان و هۆزە دەشتەکییە سوننە مەزهەبەکان [کە لەلایەن سوپای سووریا پاڵپشتی دەکرێن] دەستیپێکرد.
بە گوێرەی روانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی سوەیدا تاوەکو ئێستا 718 کەس کوژراون، رۆژی پێنجشەممە سەرۆکی کاتیی سووریا رێککەوتنی راگەیاند، بەڵام هەینی جارێکی دیکە ئاڵۆزییەکان دەستیانپێکردەوە.
شەڕەکە بۆچی سەری هەڵدا؟
دەستپێکی ئاڵۆزییەکان: پێکدادان لە نێوان هۆزە دەشتەکییەکان و چەکدارانی دروز دەستیپێکرد، دواتر حکومەتی سووریا بە بیانووی گەڕاندنەوەی ئارامی هێزی رەوانەی ناوچەکە کرد.
ئەو گرووپانەی دروزەکان دەڵێن، هێزەکانی حکومەت شانبەشانی دەشتەکییەکان دژی دروز شەڕیان کردووە.
هاوکات ئیسرائیل بە بیانووی پاراستنی کەمینەی دروز، دەستی بە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر پێگەکانی سوپای سووریا لە دیمەشق کرد و هەڕەشەی زیاتری لێکردن.
سەرۆکایەتیی سووریا رۆژی چوارشەممە لە راگەیێندراوێکدا "سەرکۆنەی تووندی ئەم کردەوە قێزەونانە"ـی کرد و بەڵێنی دا "لێکۆڵینەوە لە هەموو رووداوە پەیوەندیدارەکان بکات و هەموو ئەوانە سزا بدات کە تێوەگلاون."
دوای هەڕەشەکانی ئیسرائیل، هێزەکانی حکومەتی سووریا کە چووبوونە ناو شاری سوەیدا، شەوی چوارشەممە لە شارەکە کشانەوە.