وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل: بوون بە کەمینە لە سووریای شەرع زۆر مەترسیدارە
رووداو دیجیتاڵ
ئیسرائیل، بەڵێنی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریای بۆ پاراستنی کەمینەکان رەتکردەوە و رایگەیاند، بوون بە کەمینە لەو وڵاتەدا "زۆر مەترسیدارە". ئەمەش دوای پێکدادانە خوێناوییە تائیفییەکانی ئەم دواییە دێت.
رۆژی شەممە، 19ـی تەممووزی 2025، جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، "پوختەی قسەکان: لە سووریاکەی شەرعدا، زۆر مەترسیدارە ئەگەر ئەندامی کەمینەکانی وەکو کورد، دروز، عەلەوی یان کریستیان بیت."
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل دەشڵێت، "ئەمە چەندین جار لە ماوەی 6 مانگی رابردوودا سەلمێنراوە". جەختی لەوەش کردەوە کە "کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەرکیەتی ئاسایش و مافی کەمینەکان لە سووریا دابین بکات و دووبارە قبووڵکردنەوەی سووریا لەنێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بەند بکات بە پاراستنیانەوە".
لە رۆژی یەکشەممەی رابردووەوە، زیاتر لە 700 کەس لە پارێزگای سوەیدای سووریا کوژراون، ئەوەش بەهۆی پێکدادان لەنێوان دروزەکان و بەدەوییە سوننەکان، کە حکومەتی نوێی سووریا و ئیسرائیل و هۆزە چەکدارەکانی دیکەی سووریایان بۆ ناو رووداوەکان راکێشاوە.
هێزەکانی وەزارەتی ناوخۆی سووریا رۆژی شەممە دەستیان بە بڵاوبوونەوە کرد لە ناوچەی سوەیدا کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی دروزن، ئەمەش بەگوێرەی رێککەوتنێکی ئاگربەستی نێودەوڵەتیدا کە بە نێوەندگیریی ئەمریکا ئەنجامدراوە بۆ رێگرتن لە دەستوەردانی سەربازیی زیاتری ئیسرائیل.
ئیسرائیل لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا هێزەکانی وەزارەتی بەرگریی سووریای لە هەردوو شاری سوەیدا و دیمەشقی پایتەخت بۆردوومان کرد، بۆ ئەوەی ناچاریان بکات پاشەکشە بکەن.
ئەمەش دوای ئەوەی ئەو هێزانە تۆمەتبار کران بە کوشتنی بەکۆمەڵ و پێشێلکاریی دیکە دژی هاووڵاتییانی سڤیلی دروز، دوای ئەوەی لە پارێزگاکە جێگیر بوون.
ئیسرائیل لە سەرەتای رووداوەکانەوە رایگەیاند کە بەرگری لە دروزەکان دەکات و رێگە نادات سوپای سووریا لە سوەیدای هاوسنووری جێگیر بکرێن.