تەندروستیی غەززە دەڵێت، ئەمڕۆ بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە 90 کەس کوژراون

 
رووداو دیجیتاڵ

تەندروستیی غەززە رایگەیاند، تەنیا رۆژی شەممە بەهۆی بۆردوومان و تەقەی هێزەکانی ئیسرائیلەوە، زیاتر لە 90 کەس کوژراون و دەیانی دیکەش بریندار بوون. 
 
رۆژی شەممە، 19ی تەممووزی 2025، تەندروستیی غەززە بڵاویکردەوە، لە ئەمڕۆ بەیانییەوە زیاتر لە 90 فەلەستینی کەرتی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژراون و دەیانی دیکەش بریندار بوون. دەشڵێت، 36 لە کوژراوەکان لە نزیک سەنتەرەکانی وەرگرتنی هاوکارییە مرۆییەکان بوون کە هەوڵی وەرگرتنی هاوکارییان دەدا. 
 
محەممەد بەسال، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی غەززە لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ئەوانەی لە نزیک ناوەندەکانی دابەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان کوژراون بە "تەقەی (سەربازە) ئیسرائیلیەکان" بووە. 
 
لە بەرامبەردا سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، لە نزیک ناوەندی دابەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان لە رەفەح سەربازانمان ژمارەیەک گومانلێکراویان بینیوە کە لە ناوەندەکە نزیک دەبوونەوە و هەڕەشەیان لەسەر سەربازانمان دروست دەکرد. 
 
دەشڵێت، تەقەی ئاگادارکردنەوەیان کرد بۆ ئەوەی بکشێنەوە. ئاماژە بەوەش دەکەن، ئاگاداری کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک کەسین بەهۆی تەقەوە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن. 
 
رۆژی 11ی تەممووزی 2025، راڤینا شامداسانی، گوتەبێژی نووسینگەی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە جنێف رایگەیاند، "تاوەکو 7ی تەممووز، کوژرانی 798 کەسمان تۆمارکردووە کە 615یان لە دەوروبەری دامەزراوەی مرۆیی غەززەدا بوون و 183شیان لەسەر ئەو رێگایانە بوون کە هاوکارییەکانیان پێدا دەگوازرایەوە (دامەزراوەکە)". 
 
ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەمە نزیکەی 800 کەسە کە لەکاتی هەوڵدان بۆ دەستکەوتنی هاوکاری مرۆیی کوژراون. زۆرینەشیان شوێنەواری گولـلەیان پێوەیە". 
 
رۆژی 26ی ئایاری ئەم ساڵ دامەزراوەی مرۆیی غەززە کە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتیدەکرێت دەستی بە گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بە غەززەییەکان کرد. 
 
دابەشکردنی هاوکارییەکان لەلایەن ئەو رێکخراوەوە دوای ئەوەی نزیکەی دوو مانگ بوو هیچ هاوکارییەک نەگەیێندرابووە کەرتەکە. لەو ماوەیەدا بەرپرسانی ئیسرائیل دەیانگوت، بەبێ دامەزراندنی رێکخراوێکی لەو جۆرە رێگە بە گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بە غەززە نادەن چونکە حەماس هاوکارییەکان "دەدزێت".