کچان لەژێر حکومڕانی تاڵیباندا بەردەوامی بە خوێندن دەدەن


رووداو دیجیتاڵ 

کچەکان لە هیرات لەژێر حکومڕانیی تاڵیبان دا دەچنەوە قوتابخانە بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی نیوەی ساڵ. ئەوەش دوای ئەوە هات کە تاڵیبان رایگەیاند، "کچەکان دەتوانن درێژە بە خوێندنیان بدەن ئەگەر بێتو حیجاب بپۆشن."
 
چەند رۆژێک دوای کۆنترۆڵکردنی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە، تاڵیبان هەوڵیدا کە وێنەیەکی میانڕەوتر نیشان بدات، بەڵێنی داوە کە رێز لە مافەکانی ئافرەت بگرێت و بانگهێشتیان دەکات بۆ ئەوەی بەشداری لە حکومەتدا بکەن.
 
دوو هەفتە پێش ئەوەی ئەمریکا هێزەکانی بە تەواوی لە جەنگە 20 ساڵییەکەی لەگەڵ تاڵیباندا بکشێنێتەوە، تاڵیبان دەستی بەسەر ئەفغانستاندا گرت.
 
چەکدارانی تاڵیبان بەسەر وڵاتەکەدا بڵاوبوونەوە، لە چەند رۆژێکی کەمدا، دەستیان بەسەر هەموو شارە گەورەکانی ئەفغانستاندا گرت. ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە ئەو هێزە ئەفغانییانەی لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانییەوە پڕ چەک کرابوون و راهێنانیان پێکرابوو، بێ شەڕ خۆیان رادەستکرد.
 
تاوەکو ئێستا تاڵیبان باسی لە هیچ سیستمێکی دیاریکراو نەکردووە لەبارەی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی وڵات، جگە لەوەی کە دەڵێن پابەند دەبن بە شەریعەتی ئیسلامەوە.
 
پێشتر تاڵیبان پێنج ساڵ حوکمڕانی لە ئەفغانستان کرد تاوەکو لە ساڵی 2001 بە سەرکردایەتیی ئەمریکا ئەفغانستان داگیرکرا. 
بە درێژایی ئەو کاتە، رێگەیان نەدا کچ بخوێنێت و مافی کارکردنی ئافرەتیان زەوت کرد. تەنانەت رەتیانکردەوە ئافرەت بەبێ بوونی پیاوێکی خێزانەکەی لەگەڵیدا، لە ماڵ بچێتە دەرەوە.
 
خەڵکە بە تەمەنەکان حکومڕانیی پێشووی تاڵیبانیان بیرماوە. کاتێک ئافرەتەکانی لە ماڵەوە قەتیس کردبوون، تەلەڤزیۆن و میوزیکیان قەدەخە کردبوو و تۆمەتبارانیان لە شوێنە گشتییەکاندا لە سێدارە دەدا.