هەسەدە 47 هاووڵاتیی فەرەنسی رادەستی عێراق دەکات
رووداو دیجیتاڵ
سێ بەرپرسی ئەمنیی عێراق رایانگەیاند، هەسەدە 47 هاووڵاتیی فەرەنسی کە لە زیندانەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بوون، رادەستی حکومەتی عێراق کردووە بۆ ئەوەی دادگاییان بکات.
رۆژی پێنجشەممە، 18ی ئەیلوولی 2025، سێ سەرچاوەی ئەمنی لە عێراق بە ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێسیان راگەیاند، 47 هاووڵاتیی فەرەنسی لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە رادەستی هێزەکانیان کراون بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە تیرۆر.
ئەو سەرچاوانە دەشڵێن، ئەو 47 کەسە لە زیندانەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بوون، مانگ و نیوێک لەمەوبەر رادەستی عێراق کراون.
بە گوێرەی بەرپرسانی هەسەدە، نزیکەی 9 هەزار کەس بە تۆمەتی ئەندامیان لە داعش یان پەیوەندیان بەو رێکخراوەوە لە زیندانەکانیاندان.
تاوەکو ئێستا حکومەتی فەرەنسا هیچی لەبارەی ئەو زیندانیانەوە نەگوتووە.
ئەمە یەکەم جار نییە هاووڵاتییانی فەرەنسی لە سووریا بە تۆمەتی ئەندامبوونیان لە داعش رادەستی عێراق دەکرێن. ساڵی 2019ـەش 13 هاووڵاتیی دیکەی فەرەنسی بە هەمان تۆمەت گوێزرانەوە عێراق بۆ دادگاییکردن.
بە گوێرەی ئەو بەرپرسانەی قسەیان بۆ ئەسۆشیەیتد پرێس کردووە، 3192 هاووڵاتیی عێراقی لە زیندانەکانی هەسەدە دان کە 724یان سزای لەسێدارەدانیان هەیە و 1381یشیان سزای زیندانی تاهەتاییان هەیە. ئەوانە بە نائامادەبوو حکومدراون.
یەکێک لەو پرسە ئاڵۆزانەی هەسەدە کاری لەسەر دەکات یەکلاکردنەوەی دۆسیەی ئەو بیانییانەیە کە لە زیندانەکانی ژێر دەسەڵاتیدان.
بەرپرسانی هەسەدە، مانەوەی ئەو کەسانە لە زیندان و کەمپەکان بە مەترسییەکی ئەمنی و "بۆمبێکی تەوقیتکراو" لەسەر رۆژئاوای کوردستان دەزانێت.