سوپای ئیسرائیل: بە هێزێکی بێوێنە هێرش دەکەینە سەر شاری غەززە

 
رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ هەینی هۆشداریی دا کە بە "هێزێکی بێوێنە" هێرش دەکاتە سەر شاری غەززە، داوای لە دانیشتووانی شارەکە کرد بەرەو باشوور بڕۆن، لە کاتێکدا هێرشە زەوینییەکانی بۆسەر گەورەترین شاری کەرتەکە چڕ دەکاتەوە.
 
ئیسرائیل بە بۆردوومان و تۆپباران شاری غەززەی وێران کردووە.
 
هێرشەکە پێش هەنگاوێکی چاوەڕوانکراوی چەندین وڵاتی رۆژئاوایە، لەنێویاندا فەرەنسا و بەریتانیا، بۆئەوەی هەفتەی داهاتوو لە لووتکەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا بنێن.
 
سوپا رۆژی سێشەممە هێرشە زەوینییە گەورەکەی دەستپێکرد و چەندین رۆژە داوا لە دانیشتووان دەکات بەرەو باشوور بڕۆن، بەڵام زۆر لە فەلەستینییەکان دەڵێن، گەشتەکە سەختە و نازانن بۆ کوێ بڕۆن.
 
نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆتایی مانگی ئابدا خەمڵاندبووی کە نزیکەی یەک ملیۆن کەس لە شاری غەززە و دەوروبەری دەژین.
 
سوپای ئیسرائیل رۆژی هەینی رایگەیاند، بەپێی خەمڵاندنەکانیان، لە کۆتایی مانگی ئابەوە 480 هەزار کەس ئاوارە بوون.
 
رۆژی هەینی، گوتەبێژی سوپاکە رایگەیاند، یەکێک لەو رێڕەوانەی کە بۆ 48 کاژێر کرابووەوە تاوەکو خەڵک لێیەوە بڕۆنە دەرەوە، داخراوە؛ گوتیشی تاکە رێگە بەرەو باشوور لە رێگەی کەناراوی رەشیدەوەیە.
 
ئەفیخای ئەدرەعی لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس گوتی، "لەم ساتەوەختەوە، رێگەی سەلاحەدین بۆ گەشتکردن بەرەو باشوور داخراوە" کە ئەوە رێگەی سەرەکیی باکوور - باشووری کەرتی غەززەیە.
 
ئیسرائیل رۆژی چوارشەممە رێڕەوێکی "کاتیی" نوێی راگەیاند بۆ ئەوەی دانیشتووان لەو رێگەیەوە شارەکە چۆڵ بکەن و رایگەیاندبوو تەنیا بۆ 48 کاژێر کراوە دەبێت.
 
ئەدرەعی رۆژی هەینی گوتی، "هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل بەردەوام دەبن لە کارکردن بە هێزێکی بێوێنە دژی حەماس و رێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکە."
 
هەروەها بە هاووڵاتییانی غەززەی گوت، "ئەم دەرفەتە بقۆزنەوە و بچنە پاڵ سەدان هەزار دانیشتووی شارەکە کە چوونەتە باشوور بۆ ناوچە مرۆییەکە."
 
سوپای ئیسرائیل داوای لە فەلەستینییەکان کردووە بچنە "ناوچەیەکی مرۆیی" لە ناوچەی مەواسی لە باشوور، کە دەڵێ لەوێ یارمەتی، چاودێریی پزیشکی و ژێرخانی مرۆیی هەیە. 
 
ئیسرائیل لە سەرەتای جەنگەکەدا ئەو ناوچەیەی وەک ناوچەیەکی ئارام راگەیاند، بەڵام لەو کاتەوە چەندین جار هێرشی کردووەتە سەری و دەڵێت حەماس دەکاتە ئامانج.