سەدر و حەلبووسی لە دژى بیرۆکەى گواستنەوەى هاووڵاتیانى فەلەستین بۆ ئەنبار دەوەستنەوە

    
رووداو دیجیتاڵ 

رێبەرى رەوتى سەدر و سەرۆکى پەرلەمانى عێراق، پێشنیازى گواستنەوەى هاووڵاتییانى فەلەستینى شارى غەززە بۆ پارێزگاى ئەنبار رەتدەکەنەوە. سەدر دەڵێت، "ئەوەى پاڵپشتى ئەو بیرۆکەیە بکات درێژکراوەى زایۆنیزمە". محەممەد حەلبوسی-یش ئاماژە بەوەدەکات کە "خەڵکى ئەنبار رێگە نادەن خاکەکەیان بکرێتە گۆڕەپانى جێبەجێکردنى ئەجێنداى گومانلێکراو".
 
19ى تشرینى یەکەمى 2023، موقتەدا سەدر، رێبەرى رەوتى سەدر لە نووسینێکدا لە تۆڕى کۆمەڵایەتى ئێکس، هەڵوێستى خۆى لەبارەى پێشنیازى گواستنەوەى دانیشتووانى شارى غەززەى فەلەستین بۆ شارى ئەنبار راگەیاند و دەڵێت: "بودەڵە هەرکەسێکە کە بڕیارى دابێت یان گوتبێتى گەلى فەلەستینی کۆچیان پێبکرێت بۆ سینا یان ئەنبار یان نەقەب یان هەر شوێنێکى دیکە، هەر کەسێکیش پاڵشتیى ئەو بیرۆکە خراپە تیرۆریستییە بکات، بزانێت یان نەزانێت، درێژکراوەى زایۆنیزمى تیرۆریستە".
 
ئەو هەڵوێستەى سەدر لەدواى ئەوە بوو کە بەهۆى شەڕى نێوان سوپاى ئیسرائیل و حەماس، تەلئەڤیڤ پێشنیازى کرد ئاوارە فەلەستینیەکان بگورێزرێنەوە بۆ ناوچەى سیناى مسیر، بەڵام عەبدولفەتاح سیسى، سەرۆکى میسر بیرۆکەکەى رەتکردەوە و پێشنیازیکرد ئاوارەکان ببرێنە بیابانى نەقەب لە باشوورى غەززە، بەڵام هیچ سەرچاوەیەکى فەرمى باسی لە پێشنیازى گواستنەوى ئاوارەکان بۆ ئەنبار نەکردووە.
 
19ى تشرینى یەکەمى 2023 ، محەممەد حەلبووسی، سەرۆكى پەرلەمانى عێراق لە نووسینێکدا لە تۆڕى کۆمەڵایەتیی ئێکس ستایشی هەڵوێستەکانى موقتەدا سەدرى کرد بەرامبەر بە دۆسیەى فەلەستین و رایگەیاند، پارێزگاى ئەنبار وەک دەروازەى رۆژئاواى عێراق دەمێنێتەوە و  گەلەکەى رێگەنادەن کە خاکەکەیان بکرێتە گۆڕەپانى جێبەجێکردنى "ئەجێنداى گومانلێکراو و رەتکراوە" کە تەنگ بە ئاسایشەکەى هەڵبچنێت.
 
رۆژی 7ـی تشرینى یەکەم بزووتنەوەی حەماس بە بەشداری چوار هەزار و 500 چەکدار و بەکارهێنانی سێ هەزار و 500 مووشەک، ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ـی لە دژی ئیسرائیل دەستپێکرد، دواتر ئیسرائیل بە هێرشی مووشەکی بۆ سەر کەرتی غەززە و گەمارۆ خستنە سەر کەرتەکە، وەڵامی هێرشەکەی حەماسی دایەوە.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19-10-2023، وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین، دواین ئامارەکانی شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیلی بڵاوکردەوە کە بەپێی ئامارەکە ژمارەی کوژراوانی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سێ هەزار و 785 کەس زیادیان کردووە، لەنێویاندا هەزار و 524یان منداڵ و هەزاریان ئافرەتن و 120 کەسیان بەتەمەنن، جگە لەوەش 12 هەزار و 493 کەسی دیکەش برینداربوون سێ هەزار و 983یان منداڵ و سێ هەزار و 300 کەسیان ئافرەتن.