ئەمریکا حەماس ئاگادار دەکاتەوە: پلانەکانتان بۆ تێکدانی ئاگربەست ئاشکرا بووە

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتانی نێوەندگیری رێککەوتنی ئاشتیی غەززەی لە پیلانێک ئاگادار کردووەتەوە بۆ تێکدانی رێککەوتننامەکە و ئاماژە بەوەش دەکات، ئەگەر ئەو پیلانە جێبەجێ بکرێت، واشنتن رێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی خەڵکی غەززە و ئاگربەستەکە.
 
رۆژی شەممە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد، وڵاتانی نێوەندگیری وەکو قەتەر، تورکیا و میسری ئاگادار کردووەتەوە لەوەی، چەند راپۆرتێکی هەواڵگریی باوەڕپێکراویان بەدەستگەیشتووە ئاماژە بەوە دەکەن، بزووتنەوەی حەماس "بەنیازە هێرش بکاتە سەر خەڵکی سڤیلی کەرتی غەززە" و ئاگربەست پێشێل بکات.
 
لەوبارەیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، "ئەم هێرشە پیلان بۆ داڕێژراوە بۆسەر هاووڵاتییانی سڤیلی فەلەستینی، پێشێلکردنی راستەوخۆی رێککەوتنی ئاگربەست دەبێت، هەروەها پێشێلکردنی ئەو پێشڤەچوونە گرنگانەیە کە لە رێگەی هەوڵەکانی وڵاتانی نێوەندگیرەوە بەدەستهاتوون."
 
لە بەیاننامەکەی ئەمریکادا باس لە وردەکاری و سرووشتی هێرشەکەی حەماس نەکراوە، بەڵام ئەو هۆشدارییە لەدوای هەفتەیەک لە کوشتنی بەکۆمەڵی ئەوانە دێت کە چەکدارانی حەماس بە "چەتە، تاوانکار و بەکرێگیراوی ئیسرائیل" تۆمەتباریان دەکات.
 
لە درێژەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هاتووە، "نێوەندگیرەکان داوا لە حەماس دەکەن بە مەرجەکانی ئاگربەستەوە پابەند بێت."
 
لەگەڵ ئەوەشدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشداریی داوە، ئەگەر حەماس بەردەوام بێت لە پیلانەکەی و ئەو هێرشە بکات، ئەوان رێوشوێنی پێویست دەگرنەبەر "بۆ پاراستنی خەڵکی غەززە و پاراستنی تەواوی ئاگربەستەکە."
 
رۆژی چوارشەممە راوێژکارێکی باڵای دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمریکا و ئیسرائیل کار بۆ دامەزراندنی ناوچەیەکی ئارام و سەقامگیر لەو ناوچانەی ژێر کۆنترۆڵی سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە دەکەن، بەتایبەت بۆ ئەو فەلەستینیانەی لەترسی تۆڵەسەندنەوەی حەماس هەڵدێن، بەڵام حکومەتی ئیسرائیل هێشتا بە فەرمی ئەو دەستپێشخەرییەی واشنتنی پشتڕاست نەکردووەتەوە.
 
ئەم بەیاننامەیە نوێترین و تووندترین هەڵوێستی ئەمریکایە لەبارەی ئەو کارانەی چەکدارانی حەماس دوای ئاگربەست دەستیپێکردوون لەژێر ناوی جۆراوجۆردا.
 
رۆژی سێشەممە ترەمپ رایگەیاند، رەزامەندیی بە حەماس داوە بۆ بەئامانجکردنی ژمارەیەک کەسی دیاریکراو بۆ ماوەیەکی کاتی و جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، لەو ماوەیەدا "چەند چەتەیەکی زۆر خراپی کردووەتە ئامانج."
 
ئەمەش لەکاتێکدایە، رۆژی چوارشەممە فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست داوای لە حەماس کرد، دەستبەجێ هێرشەکانی بۆسەر "خەڵکی سڤیلی غەززە" رابگرێت و دەست بە چەکدانانیش بکات.
 
بەڵام رۆژی پێنجشەممە ترەمپ هەڵوێستی گۆڕا و تووندتری کرد؛ لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی سۆشیال ترووس نووسی، "ئەگەر حەماس بەردەوام بێت لە کوشتنی خەڵکی غەززە، کە ئەم خاڵەش لە رێککەوتنەکەدا نەبووە، ئەوا ئێمە هیچ بژاردەیەکی دیکەمان نابێت، جگە لە دەستوەردان و کوشتنیان."
 
لە کاتێکدا ترەمپ باسی ئەوە دەکات هەڕەشەکەی دژی حەماس جێبەجێ دەکات، بەڵام روونیکردووەتەوە کە مەبەستی ئیسرائیلە بۆ ئەو تۆڵەیە و پێویستی بە سەربازی ئەمریکا لە غەززە نابێت.
 
دواتر لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانێک لە ئەگەری ناردنی هێز بۆ نێو کەرتی غەززە، ترەمپ گوتی، "لایەنێک دەچێتە نێو غەززە، بەڵام ئەو لایەنە ئێمە نابین."
 
ترەمپ لە درێژەی وەڵامەکەیدا دەڵێت، "پێویست ناکات ئێمە بچینە نێو کەرتەکە. خەڵکانێکی زۆر نزیک هەن بە ئاسانی دەتوانن بچن، بەڵام لەژێر چاودێریی ئێمەدا."