وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: حەماس باجێکی قورس دەدات ئەگەر هێرشبکاتە سەر هێزەکانمان


رووداو دیجیتاڵ

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەگەر حەماس هێرش بکاتە سەر هێزەکانیان لە غەززە، ئەوا بزووتنەوەکە باجێکی قورس دەدات. دەشڵێت، بە خۆشی لە پەیامەکە تێنەگەن، بە رێگەیەکی قورس پێیان دەڵێن. 
 
رۆژی یەکشەممە، 19ی تشرینی یەکەمی 2025، یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "حەماس باجێکی قورس دەدات بۆ هەر تەقەیەک یان لادانێک لە ئاگربەست". دەشڵێت، "ئەگەر لە پەیامەکە تێنەگەن، وەڵامەکەمان زۆر تووند دەبێت". 
 
ئەو گوتانەی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دوای ئەوە هاتن، کە بە گوێرەی میدیای وڵاتەکە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ حەماس هێرشیکردووەتە سەر هێزەکانی ئیسرائیل لە رەفەح. دواتر، سوپای ئیسرائیل بەو هۆیەوە بۆردوومانی لانیکەم 20 پێگەی بزووتنەوەکەی کرد. 
 
کاتس لە نووسینەکەیدا ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر هێرشبکرێتەوە سەر هێزەکانیان لە غەززە، ئەوا چڕی و ژمارەی هێرشەکانیان زیاتر دەبن. بەرپرسێکی سەربازی ئیسرائیلیش کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت رایگەیاند، ئەگەری هەیە هێرشی زیاتر بکەنە سەر غەززە. 
 
ئەو گوتانەی بەرپرسە ئیسرائیلیەکان لە کاتێکدایە، بەگوێرەی تەندروستیی غەززە، لە بۆردوومانەکانی ئەمڕۆی ئیسرائیلدا بۆ سەر کەرتی غەززە لانیکەم 10 فەلەستینی کوژراون. حەماس ئەمەی بە شکاندنی ئاگربەست داناوە. 
 
رۆژی 10ی ئەم مانگە، بە نێوەندگیری ئەمریکا، قەتەر، میسر و ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی و ئیسلامی قۆناخی ئاگربەستی جەنگی غەززە چووە واری جێبەجێکردنەوە. دواتر حەماس دەستی بە شەڕکردن دژی ژمارەیەک گرووپ لە غەززە کرد، کە بەشێکیانی بە پاڵپشتیکاری ئیسرائیل تۆمەتبار کردووە.