میدیای یۆنانی: یۆنان، ئیسرائیل و قوبرس پێکهێنانی هێزێکی هاوبەش لە بەرامبەر تورکیا تاوتوێ دەکەن

رووداو دیجیتاڵ
 
رۆژنامەی "TA NEA"ی یۆنانی لە راپۆرتێکدا ئاماژە بەوە دەکات، ئەسینا دەیەوێت هێزێکی هاوبەشی سێقۆڵی لەگەڵ ئیسرائیل و قوبرس پێکبهێنێت بۆ ئەوەی رێگری لە فراوانبوونی هەژموونی سەربازیی تورکیا لە دەریای نێوەڕاستدا بکات. 
 
جەنەراڵ دیمیتریۆس خوپیس، سوپاسالاری یۆنان بەم دواییانە باسی لە هەنگاوی "پێشوەختە" کردبوو بۆ ئەوەی رێگری لە فراوانبوونی هەژموونی تورکیا بکەن. 
 
رۆژنامەی "TA NEA" باس لەوە دەکات، بەهۆی پەیوەندییە ستراتیجییەکانی نێوان یۆنان و ئیسرائیل، ئەفسەرانی باڵا و شرۆڤەکارانی یۆنان کار لەسەر داڕشتنی پلانێک بۆ بەهێزکردنی پێکەوەکارکردنی سەربازی دەکەن. "ئیسرائیلیش بە ئەرێنی لەم پلانە دەڕوانێت، چونکە قووڵایی ستراتیجیی زیاتر بە تەلئەڤیڤ دەبەخشێت" و بۆ ئەسیناش دەبێتە بەربەستێکی دیکە لەبەردەم "هەڕەشەکان"ی تورکیا.
 
پلانی سەرەکی بریتییە لە دروستکردنی هێزێکی کاردانەوەی خێرای یەک لیوایی کە لە دوو هەزار و 500 سەرباز پێکهاتبێت. هێزەکە کەشتی، فڕۆکە و ژێرخانی سەربازی لە دوورگەکانی رۆدس یان کارپاسۆس، قوبرس و ئیسرائیل لەبەردەستدا دەبێت.
 
بیرۆکەکە ئەوەیە پێکهاتەی هێزەکە بەم شێوەیە بێت:
• هەزار سەربازی یۆنانی
• هەزار سەربازی ئیسرائیلی
• 500 سەربازی قوبرسی
 
هەروەها ئەم هێزە یەکەیەکی هێزی ئاسمانیی یۆنان و یەکەیەکی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیلی لەبەردەستدا دەبێت.
 
لە رووی دەریاییەوە و بۆ پاراستنی بۆری و دامەزراوەکانی وزە، پلانەکە ئەوەیە یۆنان یەک کەشتیی جەنگی و ژێردەریاییەک دابین بکات، ئیسرائیلیش یەکێک لە کەشتییە جەنگییە نوێیەکانی و ژێردەریاییەک بخاتە گەڕ. ئەمانە بەتەنیا یان بە کۆمەڵ و لە چوارچێوەی کەشتیگەلێکدا بەگوێرەی پێویست کاری ئێشکگری و پاسەوانی دەکەن.
 
بۆشایی ستراتیجی و "ماڤی ڤەتەن"
 
سەبارەت بە ئەگەری جێبەجێکردنی ئەم بیرۆکەیە، شای گال، شرۆڤەکاری ئیسرائیلی بۆ رۆژنامەی "TA NEA" قسەی کردووە و دەڵێت: "هێزێکی کاردانەوەی خێرای یۆنانی - ئیسرائیلی هاوپەیمانییەک نییە دژی هیچ لایەنێک، بەڵکو پڕکردنەوەی بۆشاییەکی ستراتیجییە. لە رۆدسەوە تاوەکو قوبرس و ئیسرائیل، سەکۆکان، بۆرییەکان و کێبڵەکانی کارەبا لە دەریادا وەک ئامانجێکی کراوەن کە هەندێک لایەن بە 'ماڤی ڤەتەن' ناوی دەبەن".
 
"ماڤی ڤەتەن" یاخود نیشتمانی شین، بڕوایەکی تورکیایە بەوەی کە دەبێت بەهێزەوە بەرگری لە دەریاکانی دەوروبەری وڵاتەکەی بکات و کۆنترۆڵیان بکات بۆ ئەوەی خاک و سەقامگیریی وڵاتەکەی بپارێزێت. 
 
شرۆڤەکارە ئیسرائیلییەکە ئاماژەی بەوەشکردووە: "مەیدانی راستەقینەی جەنگ گواستراوەتەوە بۆ دەریا و ئەو ژێرخانەی وزە دەداتە ئەورووپا. ئێستا قوڵایی دەریا هێڵی پێشەوەی جەنگە نەک سەرووی دەریاکە. ئەورووپا دوای پچڕانی کێبڵەکان و تەقاندنەوەی 'نۆرد ستریم' لە دەریای باڵتیک فێری ئەمە بوو. رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاست ناتوانێت چاوەڕێی زەنگێکی لەو شێوەیە بکات".
 
شای گال دەشڵێت: "هێزێکی هاوبەش دەتوانێت ئەوەی ناوچەکە پێویستییەتی دابینی بکات، کە بریتییە لە سیستمێکی یەکگرتوو بۆ چاودێری، بەرپەرچدانەوە و کاردانەوەی خێرا دژی کاری تێکدەرانە. نەخشە فراوانخوازەکان ئەم دەریایە جڵەو ناکەن، بەڵکو هۆشیاریی هاوبەش و یاسا دەبێت سەروەر بن".