ترەمپ: رێگریمان لە هەڵاتنی خراپترین تیرۆریستانی جیهان لە سووریا کرد


رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، رۆڵی سەرەکی هەبووە لە رێگریکردن لە هەڵاتنی بەکۆمەڵی چەکدارانی داعش لە زیندانێکی سووریا. 

سەرۆکی ئەمریکا بە میدیای وڵاتەکەی گوت، ئەم کارەساتە لە لایەن "تیرۆریستە ئەورووپییەکانەوە" پلانی بۆ داڕێژرابوو، بەڵام توانییان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی نوێی سووریا کۆنترۆڵی بکەن.
 
ترەمپ گوتی: "ئێمە کارێکی زۆر باشمان لە سووریا کرد. هەوڵێکی هەڵاتن لە زیندان هەبوو، زیندانییە ئەورووپییەکان دەیانویست رابکەن و من رێگریم لێکردن. ئەوانە خراپترین تیرۆریستانی جیهان بوون و هەموویان خەڵکی ئەورووپا بوون." 
 
سەرۆکی ئەمریکا باس لەوە دەکات، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری کاتیی سووریا، توانیویانە هەموو هەڵاتووەکان دەستگیربکەنەوە و بیانخەنەوە زیندان.
 
وەک پیشاندانی بەڵگەیەک بۆ سەرکەوتنی لە سووریا، ترەمپ چەند نامەیەکی تایبەت و "ستایشئامێز"ـی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا و مارک رووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆی بڵاوکردەوە.
 
ماکرۆن لە نامەکەیدا بۆ ترەمپ نووسیویەتی: "هاوڕێم، ئێمە لەسەر دۆسیەی سووریا بە تەواوی هاوڕاین. دەتوانین کارێکی گەورە لەبارەی ئێران بکەین." 
 
هەروەها ماکرۆن پێشنیازی کردووە، دوای لووتکەی داڤۆس، کۆبوونەوەیەکی گرووپی حەوت لە پاریس رێکبخات و تێیدا "سووریاییەکان، ئۆکراینییەکان و رووسەکان" لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەدا بانگێشت بکات.
 
مارک رووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆش لە نامەکەیدا نووسیویەتی: "جەنابی سەرۆک، دۆناڵدی ئازیز، ئەوەی ئەمرۆ لە سووریا کردت بڕواپێنەکراو بوو. لە دیدارەکانم لە داڤۆس، تیشک دەخەمە سەر کارەکانت لە سووریا، غەززە و ئۆکراینا."
 
ئەم ستایشکردنەی سەرکردەکانی ئەورووپا لە کاتێکدایە، ترەمپ هەڕەشەی سەپاندنی 10٪ـی باجی گومرگی بەسەر هەشت وڵاتی ئەورووپیدا کردووە کە دژی هەوڵەکانی ئەمریکان بۆ کڕینی دوورگەی گرینلاند.
 
ترەمپ دەڵێ، بڵاوکردنەوەی ئەم نامە نهێنییانە بۆ ئەوە بووە بیسەلمێنێت کە سەرکردەکانی ئەورووپا لە لایەک دژی دەوەستنەوە، بەڵام لە نامە تایبەتەکاندا داوای نانی ئێوارە و دیالۆگی لێدەکەن.
 
ئەو رووداوەی ترەمپ باسی دەکات، پەیوەندی بە زیندانی شەدادییەوە هەیە لە پارێزگەی حەسەکە. ئەم زیندانە کە پێشتر لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)دا بوو، رۆژی دووشەممە 19-01-2026، کەوتە ژێر دەستی سوپای عەرەبیی سووریا.
 
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی ناوخۆی سووریا، لە کۆی 120 چەکداری داعش کە هەوڵی هەڵاتنیان دابوو، 81 کەسیان دەستگیرکراونەتەوە. 
 
ئەمرۆ سێشەممە 20-01-2026، دۆخی سووریا بەرەو وەرچەرخانێکی سیاسیی نوێ رۆیشت، چونکە سەرۆکایەتیی سووریا و هەسەدە گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێکی نوێ بۆ ئاگربەستێکی چوار رۆژە.