سوودانی بۆ ئەحمەد شەرع: دەبێت مافی تەواوی گەلی سووریا مسۆگەر بکرێت

رووداو دیجیتاڵ

محەممەد شیاع سوودانی و ئەحمەد شەرع بە تەلەفۆن قسەیان کرد و دۆخی سووریایان تاوتوێ کرد. سوودانی "جەختی لەسەر گرنگیی گرتنەبەری دیالۆگ کردەوە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان، مسۆگەرکردنی مافەکانی تەواوی گەلی سوریا".
 
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی سووریا پەیوەندی بە محەممەد شیاع سوودانییەوە کردووە و دۆخی سووریایان تاوتوێ کردووە. 
 
محەممەد شیاع سوودانی لە پەیوەندییەکەدا، جەختی لەسەر "گرنگیی گرتنەبەری دیالۆگ کردەوە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان، مسۆگەرکردنی مافەکانی تەواوی گەلی سووریا، و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا و سەروەری دەوڵەتی سووریا بەسەریدا".
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی نووسینگەی سەرۆکوەزیران، ئەحمەد شەرع "جەختی لە پەرۆشی وڵاتەکەی کردەوە بۆ پاراستنی ئاسایشی سنووری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات، ستایشی هەوڵەکانی حکومەتی عێراق و هەنگاوەکانی لەم بوارەدا".
 
دەقی راگەیێندراوەکە:
 
سەرۆک وەزیران، بەڕێز محەمەد شیاع سودانی، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە سەرۆکی سوریاوە پێدەگات
 
سەرۆک وەزیران، بەڕێز محەمەد شیاع سودانی، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەلایەن سەرۆکی کۆماری عەرەبی سوریا، بەڕێز ئەحمەد ئەلشەرعەوە پێگەیشت.
 
لە کاتی پەیوەندییەکەدا، گفتوگۆ کرا دەربارەی پەرەسەندنەکانی بارودۆخی سوریا و ئەو تەحەددییە ئەمنیانەی ڕووبەڕووی دەبێتەوە؛ تێیدا بەڕێز سودانی جەختی لەسەر گرنگیی گرتنەبەری دیالۆگ کردەوە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان، مسۆگەرکردنی مافەکانی تەواوی گەلی سوریا، و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سوریا و سەروەری دەوڵەتی سوریا بەسەریدا.
 
لەلایەن خۆیەوە، سەرۆکی سوریا جەختی لە پەرۆشی وڵاتەکەی کردەوە بۆ پاراستنی ئاسایشی سنووری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات، ستایشی هەوڵەکانی حکومەتی عێراق و هەنگاوەکانی لەم بوارەدا کرد. هەروەها ئاماژەی بە بەهێزکردنی هەماهەنگی دووقۆڵی نێوان عێراق و سوریا کرد، بەتایبەتی لە بواری ئەمنیدا بۆ پاراستنی سنوورەکان و ڕاوەدوونانی پاشماوەکانی گرووپی تیرۆریستی داعش، لەگەڵ هەماهەنگیکردنی هەوڵەکان بۆ کردنەوەی دەروازە سنوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات.