کەشتیی فڕۆکەهەڵگری جێراڵد فۆردی ئەمریکی گەیشتە دەریای نێوەڕاست

 
رووداو دیجیتاڵ

چەند وێنەیەکی بڵاوکراوە دەریدەخەن کە کەشتیی فڕۆکە‌هەڵگری ئەمریکیی (جێراڵد فۆرد) گەیشتووەتە دەریای نێوەڕاست.
 
وێنەکان ئەمڕۆ هەینی 20-02-2026 بڵاوکرانەوە و تێیاندا دەردەکەوێت، کەشتییەکە لە گەرووی جەبەل تارق بیندراوە، کە زەریای ئەتڵەسی بە دەریای نێوەڕاستەوە دەبەستێتەوە.
 
ئەمەش بەشێکە لە کۆکردنەوەی هێزە گەورەکەی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
 
جێراڵد فۆرد دووەم کەشتیی فڕۆکەهەڵگرە کە ئیدارەی ترەمپ لەم چەند هەفتەیەی رابردوودا رەوانەی ناوچەکەی کردووە.
 
هەر ئەمڕۆ هەینی، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بیر لە هێرشکردنە سەر ئێران دەکاتەوە.
 
لە چەند هەفتەی رابردوویشدا کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەبراهام لینکن و چەندین کەشتیی یاوەری گەیشتنە سنووری ئاویی ئێران لە دەریای عەرەبی.
 
جێراڵد فۆرد نوێترین، پێشکەوتووترین و گەورەترین کەشتیی جەنگیی ئەمریکایە کە 13 ملیار دۆلاری تێچووە، لە 22-07-2017وە خراوەتە خزمەتی سوپای وڵاتەکەوە.
 
درێژیی کەشتییەکە 337 مەترە، پانییەکەی 78 مەترە و بەرزییەکەی 76 مەترە. بە باری پڕەوە، کێشەکەی دەگاتە 100 هەزار تۆن. 
 
خێرایی کەشتییەکە 55 کیلۆمەترە لە کاژێرێکدا، 4600 کارمەند و سەرباز لەخۆدەگرێت، 75 فڕۆکە دەتوانن لەسەری بنیشنەوە و بفڕن و دوو کورەی ئەتۆمیشی تێدایە بۆ دابینکردنی وزە.