ئێران هێرشیکردە سەر سێ وڵاتی کەنداو

رووداو دیجیتاڵ
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، وڵاتانی کەنداو رایانگەیاند، رووبەڕووی شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی ئێران بوونەتەوە. سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی لە ئیمارات، کوێت و سعودیە کەوتوونەتە کار بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکان، هاوکات زەنگی ئاگادارکردنەوە لە چەند ناوچەیەک لێدراوە.
 
رۆژی هەینی 20ی ئاداری 2026، وەزارەتی ناوخۆی بەحرێن رایگەیاند، بەهۆی پارچەی مووشەکی "دەستدرێژیی ئێران" ئاگر لە کۆگایەک کەوتووەتەوە، بەڵام تیمەکان توانیویانە کۆنترۆڵی بکەن و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە. 
 
لە کوێت و ئیماراتیش، بەرپرسانی سەربازی و میدیا فەرمییەکان بڵاویان کردەوە، وەڵامی هێرشەکانی ئێرانیان داوەتەوە.
 
سوپای پاسدارانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، بنکەی ئاسمانی (زەفرە) لە ئیمارات، کە هێزەکانی ئەمریکای تێدایە، لەگەڵ چەندین پێگە لە ناو ئیسرائیل بە مووشەک و درۆن بۆردوومان کراوە.
 
وەزارەتی بەرگریی سعودیە رایگەیاند، لە ماوەی کەمتر لە دوو کاژێردا هێزەکانیان توانیویانە 11 درۆن لە رۆژهەڵات و باکووری وڵاتەکە تێکبشکێنن. ئەم هێرشانە لە کاتێکدایە کە رۆژی پێنجشەممە ئێران هێرشەکانی بۆ سەر ژێرخانی وزەی کەنداو چڕتر کردەوە و زیانی بە پاڵاوگەکانی سعودیە و کوێت گەیاند، رۆژی چوارشەممەش گەورەترین ناوەندی گازی جیهان لە رەئس لافانی قەتەر کرایە ئامانج.
 
رۆژی 28ی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە درۆن و مووشەک وەڵامیدانەوە. وەکو بەشێک لە وەڵامەکەی، ئێران هێرشی کردە سەر وڵاتانی کەنداویش، لەوانە قەتەر، کوێت، سعودیە و ئیمارات.