سوپای پاسداران داوای چۆڵکردنی شاری "رەئسولخەیمە"ی ئیمارات دەکات
رووداو دیجیتاڵ
لە راگەیێندراوێکدا کە میدیاکانی ئێران بڵاویان کردووەتەوە، سوپای پاسداران هۆشداری دەداتە دانیشتووانی شاری "رەئسولخەیمە" لە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و داوایان لێدەکات دەستبەجێ شارەکە چۆڵ بکەن.
بەپێی ئەو هۆشدارییەی بڵاوکراوەتەوە، شاری رەئسولخەیمە لە ماوەیەکی کاتیی زۆر نزیکدا دەکرێتە ئامانج. هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێنرێتەوە کە "ئەم ناوچەیە لەو ئۆپراسیۆنانەدا بەکارهاتووە کە ئامانجیان دوورگەکانی ئێران بووە."
داوای چۆڵکردنی شارەکە دەکرێت
لە راگەیەندراوەکەدا داوا لە سەرجەم دانیشتووانی رەئسولخەیمە کراوە کە "بە زووترین کات" شارەکە جێبهێڵن. ئاماژە بەوەش کراوە کە پێویستە خەڵکەکە لەو رێڕەوانەوە بڕۆن کە لە وێنە هاوپێچەکاندا دیاری کراون.
تۆمەتبارکردنی ئیمارات
لە بەشێکی دیکەی هۆشدارییەکەی سوپای پاداراندا هاتووە: "پێشتر چەندین جار و بە راشکاوی هۆشداری دراوەتە دەسەڵاتدارانی ئیمارات دەربارەی مەترسیی تێوەگلان لەم شەڕە و قومارکردن بە چارەنووسی گەلەکەیان، بەڵام ئەوان رێگەی (شوێنکەوتنی کوێرانە)یان هەڵبژاردووە."
لە کۆتایی هۆشدارییەکەدا جەخت کراوەتەوە کە "بەرپرسیارییەتی تەواوی دەرهاویشتەکانی ئەم رێگەیە، لە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی ئیمارات دایە."
رەئسولخەیمە
یەکێکە لە حەوت میرنشینەکەی دەوڵەتی ئیمارات.
حاکم: شێخ سعود بن سەقەر ئەلقاسمی.
رووبەر: 1684 کیلۆمەتر چوارگۆشە (نزیکەی 2.1%ی کۆی رووبەری ئیمارات).
دانیشتووان: نزیکەی 400 هەزار کەس.
دەکەوێتە دوورترین خاڵی باکووری ئیمارات.
هاوسنوورە لەگەڵ عومان
یەکێکە لە نزیکترین ناوچەکان لە گەرووی هورمز
زۆر نزیکە لە هەرسێ دوورگەی (بوموسا، تنبی گەورە و تنبی بچووک)
ناوەندی گەورەترین کارگەی سیرامیکی جیهانە .
کۆمپانیای (جولفار) کە یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی دەرمان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەو شارەیە.
خاوەنی (چیای جەبەل جەیس)ە کە ساڵانە گەشتیارێکی زۆر رووی تێدەکەن.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی رەئسولخەیمە: بنکەیەکی گرنگی گواستنەوەیە.
بەندەری سەقەر: یەکێکە لە بەندەرە بازرگانییە سەرەکییەکانی ناوچەکە.