بە درۆن هێرشکرایە سەر پاڵاوگەیەکی نەوتی کوێت
رووداو دیجیتاڵ
پاڵاوگەی نەوتی "مینا ئەحمەدی" لە کوێت کرایە ئامانجی چەند هێرشێکی درۆنی و بەو هۆیەوە ئاگر لە چەند یەکەیەکی پاڵاوگەکە کەوتەوە. میدیا فەرمییەکانی کوێت رایانگەیاند، بەهۆی هێرشەکەوە کارکردن لە چەند یەکەیەکی پاڵاوگەکە راگیراوە.
رۆژی هەینی، ئاژانسی هەواڵی کوێت لە زاری کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی ئەو وڵاتەوە بڵاویکردەوە، پاڵاوگەی مینا ئەحمەدی بەرەبەیانی ئەمڕۆ رووبەڕووی چەند هێرشێکی درۆنی بووەوە، کە بووە هۆی کەوتنەوەی ئاگر لە هەندێک لە یەکەکانیدا.
کۆمپانیاکە رایگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ زیانێکی گیانی بەهۆی هێرشەکانەوە تۆمار نەکراوە. کۆمپانیاکە لە راگەیێندراوەکەیدا ناوی لایەنی هێرشکارەکەی ئاشکرانەکردووە.
ئەم هێرشە دوای ئەوە هات کە رۆژی 17ی ئادار، ئیسرائیل هێرشیکردە سەر کێڵگەی فارس لە ئێران و تارانیش هەڕەشەی ئەوەی کرد کە بە هێرشکردنە سەر کەرتی وزەی ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو وەڵامدەداتەوە.
وەکو بەشێک لە وەڵامەکەی، ئێران هێرشیکردووەتە سەر ژێرخانی وزەی هەریەک لە وڵاتانی سعودیە، قەتەر و کوێت.
رۆژی 28ی شوبات، سوپاکانی ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامی هێرشەکەی دانەوە.
لە رۆژی دووەمی جەنگەکەوە، ئێران تەنگەی هورمزی داخستووە و ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا. بە گوێرەی دەزگای زانیاری وزەی ئەمریکا، پێش جەنگ رۆژانە سەروو 20 ملیۆن بەرمیل نەوت بەو تەنگەیەدا دەگوێزرایەوە کە 20٪ی نەوتی هەناردەکراوی رۆژانە بوو لە جیهاندا.