سوپای ئیسرائیل: هێرشمان کردە سەر سوپای سووریا
رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند کە هێرشیان کردووەتە سەر چەند پێگەیەکی سەربازیی سووریا، وەک کاردانەوەیەک بۆ هێرشکردنە سەر درووزەکان لە پارێزگای سوەیدا.
هەینی، 20ی ئاداری 2026، ئیلا واویە، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە تۆڕی ئێکس رایگەیاند، شەوی رابردوو هێرشیان کردووەتە سەر چەند سەربازگەیەکی حکومەتی سووریا لە باشووری ئەو وڵاتە.
بەگوتەی ئیلا واویە، هێرشکردنە سەر ئەو پێگە سەربازییانەی سووریا وەک تۆڵەکردنەوەیەک بووە، هێرشکردنە سەر ژمارەیەک لە دانیشتووانی درووزی لە پارێزگای سوەیدا بووە.
پێنجشەممە، 19ی ئادار، گرووپێکی چەکداریی درووزی رایگەیاند، لەلایەن سوپای عەرەبیی سووریاوە هێرش کراوەتە سەریان و 9 چەکداریان لێ کوژراوە و 12ی دیکەیان دەستگیرکراون.
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی رێگە نادات دەست بۆ درووزەکانی سووریا ببرێت و بەردەوام دەبێت لە کارکردن بۆ پاراستنیان.