سەرۆکی پەرلەمانی ئێران: بۆ یەکەم جار لە جیهان ئێمە F35ـمان کردە ئامانج
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، ئەمریکا فڕۆکەی جەنگیی F35ـی بە هێمایەکی ''شکستهەڵنەگر'' زانیوە، بەڵام ئەوان توانیویانە تێکیبشکێنن.
رۆژی هەینی، 20-03-2026، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، ''ئێف-35، نەوەک تەنیا فڕۆکەیەکی جەنگی، بەڵکو پەیکەرێک بوو لە شکستهەڵنەگری و لووتبەرزیی سوپای ئەمریکا. هێمایەکی ئیلاهی بوو کە بانگەشەی ئەوەی بۆ دەکرا هیچ چاوێک نایبینێت و لە سەرووی هەموو هێزێکەوەیە؛ بەڵام دەستی خودا لە سەرووی دەستی ئەوانەوەیە.''
لە دوێنێوە میدیاکانی ئێران باس لە تێکشکاندنی فڕۆکەیەکی جەنگیی ئەمریکا دەکەن لەنێو خاکی ئێران. قالیباف ئەوەشی خستووەتەڕوو، یەکەم جارە لە جیهان فڕۆکە جەنگییەکە دەکرێتە ئامانج، ''بەڵام خودا وەشاندی، ئەم ساتەش، ساتی هەرەسهێنانی یاسایەک بوو.''
28ـی شوباتی 2026 جەنگی ئەمریکا - ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا بەردەوامە.