سوپای پاسداران: 25 ئامانجمان لە تەلئەڤیڤ و حەیفا و چەندین بنکەی ئەمریکیمان پێکاوە
رووداو دیجیتاڵ
پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە راگەیێندراوێکدا نوێترین زانیاریی لەبارەی شەپۆلی 68ـەمی ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە (بەڵێنی راستگۆی 4)ی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، کە هێزەکانیان هێرشێکی بەرفراوانیان کردووەتە سەر ئیسرائیل و بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
بەکارهێنانی مووشەکی فرە کڵاوەیی
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەم ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەی هێزی دەریایی و هێزی ئاسمانی بە ناوی "یا ساحبوزەمان ئەدرکنی" و وەک وەفایەک بۆ "شەهیدانی میدیا" و عەمید عەلی محەممەد نائینی، گوتەبێژی کۆچکردووی سوپای پاسداران ئەنجامدراوە.
تاران دەڵێت ئەم هەنگاوە نیشاندانی "دەسەڵاتی دەریایی و ئاسمانیی" ئێرانە کە بە گوتەی ئەوان، پێچەوانەی گوتەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلە.
سوپای پاسداران باس لەوە دەکات، مووشەکەکانی جۆری "خوڕەمشەهر 4" و مووشەکی فرە کڵاوەیی "قەدر"یان بەکارهێناوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە ئەم مووشەکانە توانیویانە سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل پەکبخەن و 25 خاڵ لەنێو شارەکانی حەیفا و تەلئەڤیڤ لە قووڵایی خاکی ئیسرائیل بپێکن.
هێرشی درۆنی بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا
هاوکات یەکەی درۆنیی هێزی دەریایی و ئاسمانیی سوپای پاسداران، لە ئۆپەراسیۆنێکی فرەچەشندا بە دەیان درۆنی بۆمبڕێژکراو، هێرشیان کردووەتە سەر بازنەیەکی فراوان لە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا و دەڵێ، هێرشەکان "کاریگەر" بوون.