لە گرژییەکانی فەلەستیندا تاوەکو ئێستا زیاتر لە 40 کەس برینداربوون


رووداو دیجیتاڵ 

پۆلیسی ئیسرائیل بە گازی فرمێسکڕێژ و گوللـەی پلاستیکی، لە پشت بەربەستەکانەوە، رووبەڕووی دارلاستیکی خۆپێشاندەرە فەلەستینییەکان دەبنەوە. خۆپێشاندانەکە لە نزیک گوندی بورقەیە لە شار نابلس لە کەرتی رۆژئاوا و تاوەکو ئێستا لانیکەم 40 فەلەستینی برینداربوون.
 
فەلەستینییەکان دژی رێپێوانی جووەکان بۆ کۆمەڵگەیەکی جونشین ناڕەزایی دەردەبڕن کە لە 2005ـەوە چۆڵکراوە. 
 
هەیسەم یوسف، خۆپێشاندەرە و دەڵێت، "نەهاتووین زیان بەکەس بگەیێنین. هاتووین بەرگریی لە وڵاتەکەمان بکەین. ژمارەیەک گرووپی زایۆنیی داگیرکەر هاتوون کە ژمارەیان نزیکەی 10 هەزار کەسە، دەیانەوێت بە کۆمەڵ بگەڕێنەوە حۆمشی چۆڵکراو. ئەم خاکە هی ئێمە. بۆیە هاتووین بەرگری لە وڵاتەکەمان بکەین."
 
ئەو جووانە بە ئاڵای ئیسرائیل و بە هەزارانەوە بەرەو حۆمش بەرێککەوتوون کە کۆمەڵگەیەکە لە خاکی گوندی بورقەی فەلەستینی بونیادنراوە.  بە گوێرەی میدیای ئیسرائیلی، هەزار خێزان بە 70 پاسەوە لە هەنگاوەکەدا بەشداربوون. 
 
عیماد سەیف، خۆپێشاندەرێکی دیکەیە، ئەو دەڵێت، "لە لایەن داگیرکارەکانی کۆمەڵگەی شاڤی شۆمرۆنەوە داواکارییەک بۆ ئەنجامدانی رێپێوان بۆ کۆمەڵگەی چۆڵکراوی حۆمش هەیە. ئێمە ئەم خۆپێشاندانە دەکەین بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەراسانکارییەکانی داگیرکەران."
 
حۆمش لە ساڵی 1978ـدا وەکو بنکەیەکی سەربازی لە خاکی فەلەستین دروستکرا و دواتر لە 1980 تاوەکو 2005 کرایە کۆمەڵگەی جوونشین. لە کاتێکدا کە هەموو کۆمەڵگە جوونشینەکانی کەرتی رۆژئاوا و رۆژهەڵات قودس بە گوێرەی یاسای نێودەوڵەتی نایاسایین، یاسای ئیسرائیلیش کۆمەڵگەی حۆمش بە نایاسایی دادەنێت، چونکە دادگەی باڵای ئەو وڵاتە ئەوەی بڕاندووەتەوە کە کۆمەڵگەکە لەسەر خاکی تایبەتی فەلەستینییەکان بونیاتنراوە.