جێگری سەرۆککۆماری ئێران: ئاسایشی تەنگەی هورمز بێ بەرامبەر نییە


رووداو دیجیتاڵ

جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران لەبارەی بەردەوامیی گەمارۆی دەریایی ئێران هۆشداری دەداتە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دەڵێ، ئەگەر هەناردەکردنی نەوتی ئێران بە سنوورداری بمێنێتەوە، ئاسایشی تەنگەی هورمز مسۆگەر نابێت.
 
رۆژی دووشەممە، 20ـی نیسانی 2026، محەممەدڕەزا عارف لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لەبارەی سەپاندنی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بەسەر ئێراندا هۆشداری دا و رایگەیاند: "ناکرێ هەناردەکردنی نەوتی ئێران سنووردار بکرێ و چاوەڕوانی ئاسایشی بێبەرانبەر بۆ ئەوانی دیکە بکرێ."
 
محەممەڕەزا عارف لە پەیامەکەیدا دەڵێت: "ئاسایشی تەنگەی هورمز بێ بەرامبەر نییە."
 
جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران باسی لەوەشکرد، جیهان لەبەردەم دوو بژاردەی روون و ئاشکرادایە و دەڵێت: "دەبێت بازاڕێکی ئازادی نەوت بۆ هەمووان هەبێت یان هەمووان رووبەڕووی ریسکی تێچوویەکی زۆر ببنەوە."
 
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، محەممەدڕەزا عارف باسی لە سەقامگیریی ئابووری جیهان کرد و ئاماژەی بەوە کرد: "سەقامگیریی نرخی سووتەمەنی لە جیهاندا بەندە بە کۆتاییهێنانێکی مسۆگەر و بەردەوام بە گوشارە ئابووری و سەربازییەکان بۆ سەر ئێران و هاوپەیمانەکانی."
 
تەنگەی هورمز کە یەکێکە لە گرنگترین ڕێڕەوە ئاوییەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی وزە، لە سەرەتای جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، لە لایەن ئێرانەوە داخراوە.
 
لە بەرامبەردا ئەمریکا بە بڕیاری دۆناڵد ترەمپ لە ئێوارەی 13-04-2026ـەوە گەمارۆیەکی تووندی بەسەر کەشتی و بەندەرەکانی ئێراندا سەپاندووە و شەوی رابردووش هێزەکانی ئەمریکا دەستیان بەسەر کەشتییەکی بازرگانیی ئێراندا گرت، کە ویستبووی گەمارۆوەکە بشکێنێت.