وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: دەکرێ دەسەڵاتی سووریا لە چەند هەفتەیەکدا بڕووخێت
رووداو-هەولێر
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری دەداتە دەسەڵاتی نوێی سووریا کە دەکرێ لە چەند هەفتەی داهاتوودا شەڕێکی نێوخۆ لە وڵاتەکە هەڵبگیرسێت و بڕووخێت. مارکۆ روبیۆ ئەو هۆکارانەش باس دەکات کە وایانکردووە تاوەکو ئێستا ئەمریکا باڵیۆزخانەکەی لە سووریا نەکاتەوە.
هۆشداریدان لە رووخانی دەسەڵاتی نوێی سووریا
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەمڕۆ سێشەممە 20-5-2025 لە گوتەیەکدا لە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا گوتی، دەکرێت لە چەند هەفتەیەکدا دەسەڵاتی ئێستای سووریا بڕووخێت و تەنانەت ئەو وڵاتەش دابەش بێت.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسی لە کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی ئەسەد لە 8-12-2024 لە لایەن دەستەی تەحریری شام و گرووپە هاوپەیمانەکانییەوە کرد و گوتی: "لە کانوونی یەکەمی رابردوودا گۆڕانکارییەک لەو وڵاتە روویدا. هەواڵە ناخۆشەکە ئەوەیە کە کەسایەتییەکانی ئەو دەسەڵاتە راگوزەرە باکگراوندەکەیان لە لایەن ئێف بی ئایەوە چێک نەکراوە. ئەوان مێژوویەکی تووندیان هەیە. ئەگەر مامەڵەیان لەگەڵ بکەین، ئەوا دەکرێت کارەکەمان ئەنجامی هەبێ و دەکرێت ئەنجامیشی نەبێت. ئەوەی راستی بێت، هەڵسەنگاندنی ئێمە بەو جۆرەیە، راشکاوانە بڵێم، کە لەوانەیە دەسەڵاتی راگوزەر چەند هەفتەیەک لە رووخانەوە دوور بێ، نەوەک چەند مانگێک، هەروەها چەند هەفتەیەک دوور بێ لە شەڕێکی نێوخۆیی کە هەمووی بگرێتەوە و وڵاتەکە دابەش بێت".
ژمارەیەک هێزی جیاواز لە سووریادا هەن، لەوانەش هێزەکانی دەسەڵاتی ناوەندیی سووریا، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و هێزی پێکهاتەی دروز.
هەسەدە نزیکەی 30٪ی خاکی رۆژئاوای کوردستان و سووریای لەژێر کۆنترۆڵدایە و سوپای دیفاکتۆی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرە. هێزی دروزەکانیش زیاتر لە سنووری پارێزگای سوێدا و قونەیتەرە لە باشووری رۆژئاوای سووریایە و نزیکەی 5٪ی خاکی سووریای لەژێر دەسەڵاتدایە.
نەکردنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە سووریا
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە بۆچی تاوەکو ئێستا باڵیۆزخانەی وڵاتەکەیان لە دیمەشق نەکردوەتەوە، گوتی، لەبەر هۆکاری ئەمنی بووە.
مارکۆ روبیۆ گوتی: "هەندێک شت لە سووریادا هەن کە دەبێت رەچاو بکرێن تاوەکو خۆمان بپارێزین. بابەتەکە تەنیا ئەوە نییە کە خەڵک ببەیتە نێو وڵاتەوە، بەڵکو دەبێت بتوانێت خەڵکیش لەو وڵاتە ببەیتە دەرەوە. ئەگەر کەسێک زیانی پێگەیشت، دەبێت پلانی بردنە دەرەوەت هەبێت. هەروەها ئەو بابەتەش هەیە کە ئایا دەتوانیت باڵەخانەکە لە هێرش یان گرووپێکی چەکداری بپارێزیت، چونکە بەداخەوە تاوەکو ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە گرووپە چەکدارەکان لەو وڵاتەدا دەسوڕێنەوە بێ ئەوەی کۆنترۆڵ بکرێن. ئەوەش یەکێکە لەو ئاستەنگە سەرەکییانەی دەسەڵاتی راگوزەر رووبەڕوویان بووەتەوە".
لە چەند مانگی رابردوودا ژمارەیەک لە دیپلۆماتانی باڵای وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا سەردانی سووریایان کردووە و هەندێک لەو وڵاتانەش باڵیۆزخانەیان لە دیمەشق کردوەتەوە، لەوانەش ئەڵمانیا و فەرەنسا.
ئاستەنگەکانی بەردەم دەسەڵاتی نوێی سووریا
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێ خەسڵەتی ئەرێنی لە سووریادا هەبوون، پێش ئەوەی شەڕی نێوخۆ لە ساڵی 2011دا هەڵبگیرسێت.
مارکۆ روبیۆ گوتی: "هەواڵە باشەکە ئەوەیە کە ناسنامەیەکی نیشتمانیی سووری هەیە. سووریا یەکێک بوو لەو شوێنانەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە تێیدا عەلەوی، جوو، کریستیان، سوننە و شیعە و کورد پێکەوە لەژێر چەتری ناسنامەی سووریادا دەژیان تاوەکو ئەسەد هەموویانی کرد بە گژی یەکدیدا".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، 14 ساڵی رابردووی شەڕی نێوخۆ کۆمەڵێک ئاستەنگی گەورەی بۆ سووریا و هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە دروست کردووە.
روبیۆ لەو بارەوە رایگەیاند: "یەکەمین ئاستەنگ ئەوەیە کە ئەوان لەگەڵ بێ متمانەییەکی قووڵی نێوخۆیی مامەڵە دەکەن، چونکە ئەسەد بە مەبەست ئەو گرووپانەی کرد بە گژی یەکدی دا. ئەسەد بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە پارێزەری عەلەوی و کریستیانەکانە و لەسەر ئەو بنچینەیەش دەیدان بە گژی جووەکان و هەر لایەنێکی دیکە خۆی بیویستیایە. ئەنجامی ئەوەش بریتییە لە دروستبوونی بێ متمانییەکی زۆر".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسی لە دووەمین ئاستەنگ کرد و گوتی: "زیاتر لە 7ملیۆن کەس لە دەرەوە دەژین. بیرتان نەچێت، ئەوان زۆر سەرکەوتوون لەو وڵاتانەی روویان تێکردووە. بەڵام دەبێت بیر لەوە بکەینەوە کە چۆن هاوکاریی دەسەڵاتی راگوزەر بکەین زەوینەیەک بڕەخسێنێت بۆ ئەوەی ئەو کەسانە بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان و یارمەتیدەری بووژاندنەوەی ئابووری خۆیان بن".
هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا
13-5-2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ریازی پایتەختی سعودیە رایگەیاند، بڕیاری داوە سزاکانی سەر وڵاتەکەی لەسەر سووریا هەڵبگرێت تاوەکو دەرفەتێک بداتە دەسەڵاتی نوێی سووریا بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکەی.
روبیۆ بە ئەندامانی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکای گوت: "ئەوەی هانی سەرۆک ترەمپی دا لە بابەتی سزاکاندا هەنگاوی خێرا بنێت، ئەوە بوو کە پلانێکمان هەبوو. ئێمە لەگەڵ وەزیری دەرەوە لە نیویۆرک مامەڵەمان کرد، ڤیزەمان پێدا بۆ ئەوەی بێتە وڵاتەکەمان و رێگەمان بە وەزیری داراییەکەیشیان دا بێتە ئێرە بۆ کۆبوونەوەکانی بانکی جیهانی لە واشنتن دی سی. هەنگاوی داهاتوو ئەوەبوو کە لەگەڵ وەزیری دەرەوە کۆببمەوە. لەوانەیە هەندێکتان لە میونشن (کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە مانگی شوباتی 2025) ئەوتان بینیبێ. بەڵام پلانی من ئەوە بوو لە تورکیا لە کۆبوونەوەیەکی ناتۆ لەگەڵی کۆببمەوە".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسی لەو هۆکارانە کرد کە وایانکرد دۆناڵد ترەمپ بڕیار بدات سزاکانی سەر سووریا هەڵبگرێت و گوتی: "سەرۆک ترەمپ بڕیارێکی ئازایانەی دا و گوتی لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆدەبمەوە و سعودی و تورکەکانیش هاندەر بوون. وڵاتانی ناوچەکە دەیانەوێ یارمەتی سووریا بدەن و ناتوانن ئەو کارە بکەن، چونکە لە سزاکانی ئێمە دەترسن. هەڵگرتنی سزاکان یارمەتی وڵاتانی دراوسێ دەدا بۆ ئەوەی یارمەتی دەسەڵاتی قۆناخی راگوزەر بدەن تاوەکو میکانیزمی بەڕێوەبردن و حکومەتێک بنیات بنێ و هێزە ئەمنییەکان لەژێر یەک چەتردا کۆبکاتەوە".
دۆخی کاریگەری لەسەر ئارامی تەواوی ناوچەکە هەیە
مارکۆ روبیۆ گوتی، دۆخی سووریا کاریگەری لەسەر دۆخی هەموو ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی: "هەر کاتێک سووریا نائارام بووبێت، هەموو ناوچەکە نائارام بووە. ئەوەش ئەو دۆخە بوو کە بەهاری عەرەبی یاخیبوونی بەرامبەر ئەسەدی بەدوای خۆیدا هێنا کە تەواوی ناوچەکەی ناسەقامگیر کرد و دوایش سووریا بووە گۆڕەپانی گرووپە جیهادییەکان، لەوانەش داعش و گرووپەکانی دیکە".
روبیۆ هەروەها گوتی: "ئەوەی لە سووریا روودەدات، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ئەوە دەبێت لە لوبنان روودەدات، چونکە لوبنانیش بەهۆی کۆمەڵێک شەڕی سنوورەوە زیانی بەرکەوتووە. هەربۆیە ئەگەر باسی دوو ساڵی دیکە بکەین، بۆ نموونە، کە تێیدا سووریا و لوبنان سەقامگیر بن، دەرفەتێکی گەورە لە ناوچەکە بۆ هەموو جۆرە ئاشتی و ئاسایشێک و کۆتاییهێنان بە ململانێ و جەنگەکان دەبێت. هەربۆیە ئەوەی هەیە تاقیکردنەوەیەکی گەورەیە، بەڵام دەرفەتێکی مێژووییشە".
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە دەکرێ ڤیزە بدەنە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە دووری نەزانی و گوتی، دەکرێت بۆ کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڤیزەی پێ بدرێ و بچێتە ئەمریکا.