پەرلەمانی ئیسرائیل هەنگاوی یەکەمی بۆ هەڵوەشاندنەوە نا؛ هەڵبژاردنی پێشوەختە لە رێیە
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی ئیسرائیل (کنێسێت) بە زۆرینەی دەنگ رەزامەندیی بەرایی لەسەر پڕۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی خۆی نیشاندا، ئەمەش رێگە خۆش دەکات بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە، لە کاتێکدا حکومەتەکەی بنیامین نەتەنیاهوو لەژێر گوشارێکی زۆردایە.
رۆژی چوارشەممە 20ی ئایاری 2026، لە دەنگدانێکدا 110 پەرلەمانتار لە کۆی 120 پەرلەمانتار دەنگیان بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دا و هیچ دەنگێکی نەخێر تۆمار نەکرا. ئەم پڕۆژەیاسایە پێش ئەوەی ببێتە یاسا، پێویستە لە لیژنەیەکی تایبەت تاوتوێ بکرێ و پاشان سێ خوێندنەوەی دیکەی بۆ بکرێت.
ئەگەر پڕۆژەیاساکە پەسند بکرێ، دەبێت لە 90 رۆژدا هەڵبژاردنی گشتی لە ئیسرائیل بەڕێوەبچێت. ئەمەش لە کاتێکدایە کە وادەی یاسایی هەڵبژاردنی داهاتوو بڕیارە لە 27ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ بێت.
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئێستا رووبەڕووی گوشارێکی تووندی پارتە ئۆرسۆدۆکسە تووندڕۆکان بووەتەوە، کە هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانییەکەی دەکەن. ئەو پارتانە نەتەنیاهوو تۆمەتبار دەکەن بەوەی بەڵێنەکەی بۆ دەرکردنی یاسایەک جێبەجێ نەکردووە کە گەنجانی ئایینی لە خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ دەبەخشێت.
ئۆفێر کاتز، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەسەڵاتدار لە پەرلەمان رایگەیاند، "تەمەنی ئەم هاوپەیمانییە کۆتایی هات."
لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانیش دەستیان بە ئامادەکاری کردووە. یائیر گۆلان، سەرۆکی پارتی دیموکراتەکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، "ئەمە هەڵبژاردنی 7ی ئۆکتۆبەرە؛ ئەو هەڵبژاردنەی کە تێیدا خەڵکی ئیسرائیل حکومەتی کەمتەرخەم دەنێرنەوە ماڵەوە."
بنیامین نەتەنیاهوو تەمەنی گەیشتووەتە 76 ساڵ و ماوەیەک پێش ئێستا نەشتەرگەریی شێرپەنجەی پرۆستاتی بۆ کرا، بەڵام رایگەیاندووە کە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکاتەوە. نەتەنیاهوو لە ساڵی 1996ـەوە بە کۆی گشتی زیاتر لە 18 ساڵە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلە و سەرەڕای دادگاییکردنی بە تۆمەتی گەندەڵی، دەیەوێ لە دەسەڵات بمێنێتەوە.
دوایین راپرسییەکان کە لەلایەن کەناڵی (KAN)ی ئیسرائیلی بڵاوکراونەتەوە، دەریدەخەن پارتی لیکود بە سەرۆکایەتی نەتەنیاهوو لە پێشەنگدایە، بەڵام بەهۆی پەرتەوازەیی دەنگەکان، پێناچێت هیچ کام لە بەرەی دەسەڵاتدار یان ئۆپۆزیسیۆن بتوانن بە ئاسانی حکومەتی نوێ پێکبهێنن.