ئیمارات: هێرشە درۆنییەکان لە خاکی عێراقەوە بوون و وێستگەیەکی ئەتۆمیان کردووەتە ئامانج
رووداو دیجیتاڵ
ئیمارات، سەرکۆنەی ئەو هێرشە درۆنییانە دەکات کە کراونەتە سەر خاکەکەی و رایگەیاند، درۆنەکان لە عێراقەوە هەڵدراون. داوا لە حکومەتی عێراق دەکات "بەبێ مەرج و بەپەلە" رێگری لە هەر کارێکی دووژمنکارانە بکات.
رۆژی چوارشەممە، 20ـی ئایاری 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات، لە راگەیێندراوێکدا "بە تووندترین شێوە" سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کرد کە بە گوتەی وەزارەتەکە، "لە خاکی عێراقەوە" کراونەتە سەر وڵاتەکەی.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات، رۆژی یەکشەممەی رابردوو یەکێک لە درۆنەکان وێستگەی وزەی ئەتۆمیی "بەراکە"ی کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە موەلیدەیەکی کارەبا لە دەوروبەری وێستگەکە پێکدراوە.
ئیمارات، ئەو هێرشانەی بە "پێشێلکارییەکی زەقی سەروەریی خاکی خۆی، یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان" وەسفکرد و رایگەیاند، بە هەموو شێوەیەک ئەو هێرشە "تیرۆریستییانە" رەتدەکاتەوە کە لە خاکی عێراقەوە دەکرێنە سەر دامەزراوە مەدەنییەکانی وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، ئیمارات داوا لە حکومەتی عێراق دەکات "بەبێ مەرج و بەپەلە" رێگری لە هەر کارێکی دوژمنکارانە بکات کە لە خاکەکەیەوە دەکرێن و بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەو هەڕەشانەدا بکات.
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات دووپاتی لەوە کردەوە کە پێویستە عێراق رۆڵی خۆی لە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەدا بگێڕێت، بە جۆرێک کە سەروەریی خۆی بپارێزێت و وەک "هاوبەشێکی بەرپرسیار" لە ناوچەکەدا دەربکەوێت.
جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ی شوبات دەستی پێکرد و بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانی عێراقیش چوونە نێو جەنگەکەوە.
رۆژی سێشەممە، 19ی ئایاری 2026، باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، "عێراق جەخت لە هەڵوێستی نەگۆڕ و مێژوویی خۆی دەکاتەوە بۆ پاراستنی پەیوەندییە نایاب و بەردەوامەکانی لەگەڵ وڵاتانی دۆست لە ناوچەکەدا، هەروەها پەرۆشی خۆی بۆ ئاسایشی وڵاتانی عەرەبی و پشتیوانیکردن لە سەقامگیری و کەمکردنەوەی گرژییەکان دووپات دەکاتەوە."
گوتەبێژی حکومەت رایگەیاندووە، عێراق بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکات کە لەڕێگەی درۆنەوە کراونەتە سەر سعودیە و ئیمارات. دەشڵێت، بەردەوام دەبن لە هەوڵە هاوبەشەکان "بۆ چەسپاندنی ئاسایشی ناوچەکە و پاراستنی سەروەریی وڵاتان."
باسم عەوادی لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەیدا پشتیوانیی تەواوی حکومەتی عێراقی بۆ هەوڵەکانی چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا دووپاتکردەوە و باس لەوە دەکات، "حکومەت پەرۆشی تەواوی خۆی بۆ پاراستنی پەیوەندییە برایانەکان و هاوبەشییە بەرهەمدارەکان لەگەڵ ئیمارات دووپاتدەکاتەوە و بەردەوام دەبێت لە نهێنی هاوکارییە بونیاتنەرەکان کە لە بەرژەوەندیی کاری عەرەبی هاوبەشدایە."
گوتەبێژی حکومەت دەڵێت، "هەرچەندە لایەنە سەربازییە تایبەتمەندەکانی عێراق هیچ زانیارییەکیان سەبارەت بە بەکارهێنانی ئاسمانی عێراق بۆ ئەم مەبەستە تۆمار نەکردووە، بەڵام دامەزراوەکانی عێراق ئامادەیی تەواویان هەیە بۆ هاوکاری و لێکۆڵینەوە لە هەر زانیارییەک کە پەیوەندی بە وردەکاریی هێرشەکەوە هەبێت."
دەشڵێت، "هێزە ئەمنییەکان هەموو هەنگاوێکی پێویستیان ناوە بۆ پووچەڵکردنەوەی هەر هەوڵێکی لەو شێوەیە، هیچ کەمتەرخەمییەکیش لەگەڵ ئەو کەس و لایەنانەدا ناکرێت کە دەیانەوێت سەروەریی دەوڵەت بشکێنن یان زیان بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ سعوودیە و وڵاتانی دراوسێ بگەیێنن."