گوتەبێژی سەرۆکایەتیی رووسیا: ئەگەر عەلی خامنەیی بکوژرێت کاردانەوەی نەرێنیمان دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کرێملین رایدەگەیێنێت، رووسیا کاردانەوەی "زۆر نەرێنی" دەبێت ئەگەر دەست بۆ عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران ببرێت و جەختیشی کردەوە کە گۆڕینی حکومەتی ئەو وڵاتە "قبووڵنەکراوە".
رۆژی هەینی، 20ـی حوزەیرانی 2025، دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملین) بە سکای نیوزی گوت، کاردانەوەی رووسیا "زۆر نەرێنی" دەبێت، ئەگەر عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران بکوژرێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاندووە لە ماوەی دوو هەفتەدا بڕیار دەدات کە ئایا وڵاتەکەی بەشداری لە جەنگی دژ بە ئێران دەکات یاخود نا. هەروەها پێشتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا باسی لە ئەگەری کوشتنی رێبەری ئێران کردبوو.
پێسکۆڤ لە کۆشکی کۆنستانتین لە سانت پترسبۆرگ گوتی: "دۆخەکە نەک تەنیا بۆ ناوچەکە زۆر ئاڵۆزە، بەڵکو بۆ جیهانیش مەترسیدارە."
گوتیشی: "فراوانکردنی لیستی بەشداربووانی ململانێکە ئەگەری هەیە هێندەی دیکەش مەترسیدار بێت. ئەمە تەنیا دەبێتە هۆی بازنەیەکی دیکەی رووبەڕووبوونەوە و پەرەسەندنی گرژییەکان لە ناوچەکە."
رووسیا پەیوەندییەکی لەمێژینەی لەگەڵ ئێران هەیە و لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئۆکرایناش، هەردوو وڵات هاوبەشییەکی ستراتیژییان واژۆ کردووە.
پێسکۆڤ، بە ئاماژەیەکی ناڕاستەوخۆ بۆ واشنتن، گوتی: "[گۆڕینی رژێم لە ئێران] شتێک نییە بیری لێبکرێتەوە. دەبێت قبووڵنەکراو بێت، تەنانەت قسەکردنیش لەسەری دەبێت بۆ هەمووان قبووڵنەکراو بێت."
پێسکۆڤ رەتیکردەوە بچێتە ناو وردەکاریی ئەوەی کە رووسیا چ رێکارێک دەگرێتەبەر ئەگەر خامنەیی بکوژرێت، لەبری ئەوە گوتی کاردانەوەکە "لەنێو خودی ئێرانەوە" دەبێت.
لەوبارەیەوە گوتی، "[کوشتنی خامنەیی] دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی هەستی توندڕۆیی لەنێو ئێراندا و ئەوانەی باسی [کوشتنی خامنەیی] دەکەن، دەبێت ئەمەیان لەبیر بێت. ئەوان سندووقی پاندۆرا دەکەنەوە."
'کردنەوەی سندووقی پاندۆرە' دەستەواژەیەکی بەناوبانگە لە ئەفسانەی یۆنانی و واتای ئەوەیە کە چەندین کێشەی زۆر گەورە سەرهەڵدەدەن کە کۆنتڕۆلکردنیان ئاسان نییە.
پێشنیازەکانی ڤلادیمیر پووتین بۆ نێوەندگیری و کۆتاییهێنان بە ململانێکە تاوەکو ئێستا لەلایەن ترەمپەوە رەتکراونەتەوە.
ترەمپ رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، بە سەرۆکی رووسیای گوتووە، "نێوەندگیریی [ململانێی] خۆت بکە"، وەک ئاماژەیەک بۆ جەنگی رووسیا دژی ئۆکراینا.
پێسکۆڤ رەتیکردەوە کە قسەکانی سەرۆکی ئەمریکا سووکایەتی بن و گوتی: "هەموو کەسێک زمانێکی جیاوازی هەیە. سەرۆک ترەمپ شێوازی قسەکردنی تایبەت و زمانی تایبەت بە خۆی هەیە. ئێمە زۆر لێبووردەین و چاوەڕێین هەمووان بەرامبەر ئێمە لێبووردە بن."
گوتەکانی پێسکۆڤ رۆژێک دوای قسەکانی پووتین دێت کە رایگەیاندبوو، وڵاتەکەی دەتوانێت نێوەندگیریی نێوان ئێران و ئیسرائیل بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە بکات.
رووسیا و ئێران پەیوەندییەکی ستراتیژییان لەنێوانیاندا هەیە، ئەم پەیوەندییەش لە ساڵی 2025دا لە رێگەی رێککەوتنێکی هاوبەشیی 20 ساڵەوە قووڵتر بووەتەوە کە بوارەکانی بەرگری، وزە، گواستنەوە و ئاسایشی سایبەری دەگرێتەوە.
پووتین ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو رێککەوتنە ستراتیژییەی لە بواری بەرگری لەگەڵ ئێران هەیانە، هیچ مادەیەکی تێیدا نییە کە پەیوەندی بە بواری بەرگرییەوە هەبێت.
لە رووی سەربازییەوە، ئێران درۆن و مووشەک بۆ شەڕەکەی رووسیا لە ئۆکراینا دابین دەکات، لە کاتێکدا مۆسکۆ پشتیوانیی تەکنەلۆژیی سنووردار پێشکێش دەکات و خۆی لە پێدانی چەکی پێشکەوتوو دەپارێزێت، بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو ئاڵۆز نەبێت.