دوایین زانیاریی لەسەر هێرشەکانی ئێران و ئیسرائیل
رووداو دیجیتاڵ
جەنگی ئێران و ئیسرائیل پێ دەنێتە رۆژی هەشتەم و هێرشەکان بەردەوامن. ئیسرائیل دەڵێت، هێرشیان کردووەتە سەر چەندین سەکۆی مووشەک و ناوەندێکی ئەتۆمی ئێران و تارانیش ناوەندێکی تەکنەلۆجیی کردە ئامانج.
ئاسمانی ئێران و ئیسرائیل، شەوی رابردووش پشووی نەدا. سوپای ئیسرائیل دەڵێت، لە دوایین هێرشی ئاسمانیاندا ژمارەیەک دامەزراوەی سەربازیی و ناوەندێکی توێژینەوەی ئەتۆمیان لە شاری تارانی پایتەخت کردووەتە ئامانج.
رۆژی هەینی، 20ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا، تایبەت بە وردەکاریی هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران رایگەیاند، هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشیان لە تاران ئەنجامداوە، کە دەیان بنکە و دامەزراوەی سەربازیی ئێران و ناوەندێکی توێژینەوەی ئەتۆمییان کردووەتە ئامانج.
بە گوتەی سوپای ئیسرائیل، زیاتر لە 60 فڕۆکەی جەنگی بەشدارییان لە هێرشەکاندا کردووە و 120 بۆمب و مووشەکیان هاویشتووە.
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، ئامانجەکان "چەندین ناوەندی پیشەسازیی بەرهەمهێنانی مووشەک"یان لە تاران لەخۆگرتووە، کە وەک "ناوەندی پیشەسازیی وەزارەتی بەرگریی ئێران" کاریان کردووە.