وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هۆشداری بە ئەمینداری گشتیی حیزبوڵـڵای لوبنان دەدات

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت، پێویستە ئەمینداری گشتیی حیزبوڵـڵای لوبنان وانەیەک لە سەرکردەکانی پێش خۆی فێربێت. ئەم لێدوانە دوای ئەوە هات نەعیم قاسم هەڕەشەی ئەوەی کرد گرووپە چەکدارییەکەی لە جەنگی ئێستادا بێلایەن و بێ وەڵام نامێنێتەوە. 
 
رۆژی هەینی 20ـی حوزەیرانی 2025، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە ئێکس بڵاویکردەوە، نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵـڵای لوبنان هیچ لە کەسانی پێش خۆی فێرنابێت و بە فەرمانی بەرپرسانی باڵای ئێران هەڕەشە لە ئیسرائیل دەکات.
 
یسرائیل کاتز هۆشداری بە ئەمینداری حیزبوڵڵا دەدات کە هۆشیارانە هەنگاو بنێ و ئاماژە بەوەش دەکات، ئیسرائیل بەرامبەر هیچ کەسێک پشوودرێژ نییە کە هەڕەشەی لێ دەکات. 
 
13ی ئەم مانگە، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران و دواتر ئەویش وەڵامی دایەوە. 
 
بە گوێرەی ئاماری نافەرمی، تاوەکو ئێستا بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە 639 هاووڵاتی لە ئێران کوژراون. بەرپرسانی ئیسرائیلیش دەڵێن، بەهۆی مووشەکەکانی ئێرانەوە 24 کەس لە وڵاتەکەیان کوژراون. 
 
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر حیزبوڵـڵا وەڵامی هەبێ، ئەوانیش کاردانەوەی تووندیان دەبێ و لەنێوی دەبەن. 
 
دوێنێ ئەمینداری گشتیی حیزبوڵـڵا گوتی، گرووپەکەی بێلایەن نابێ لەو جەنگەی لەنێوان ئێران و ئیسرائیل هەیە و هەڕەشەی ئەوەیشی کرد کە کاردانەوەیان دەبێ لە بەرامبەر هێرشی ئیسرائیل و ئەگەری هێرشی ئەمریکا بۆسەر ئێران. 
 
لە تشرینی یەکەمی 2023ـوە ئیسرائیل و حیزبوڵـڵا تاوەکو تشرینی دووەمی پار لە جەنگدابوون. هەر چەندە لەو کاتەوە ئاگربەستە، بەڵام ئیسرائیل لە هێرشەکانی بۆ سەر گرووپەکە بەردەوامە. ئەیلوولی پاریش، ئیسرائیل لە بۆردوومانێکدا بۆ سەر لوبنان حەسەن نەسروڵـڵا، ئەمینداری ئەو کاتی حیزبوڵـڵای کوشت.