ئیسرائیل ئامانجەکانی جەنگ بۆ لابردنی دەسەڵات دەگۆڕێت و رووسیاش هەڕەشە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ چڕبوونەوەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل و زیادبوونی ژمارەی قوربانییەکان، هەڕەشەکانی تەل ئەڤیڤیش گەورەتر و تووندتر دەبن.
بەنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، "رێنماییم داوە هیچ کەسێک پارێزراو نەبێت. پێم باشترە خۆم بە سەردێڕی هەواڵەوە سەرقاڵ نەکەم، بەڵکو با کردەوەکان قسە بکەن. پێم وایە لە جەنگدا، دەبێت وشەکان بە وریاییەوە هەڵبژێردرێن و کردەوەکانیش دەبێت ورد بن."
لە 13ی حوزەیراندا بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل رایگەیاند، دوو ئامانجیان لە هێرشەکان هەیە؛ لەنێوبردنی بەرنامەی ئەتۆمی و هەڕەشەی مووشەکیی ئێران.
بەڵام لەو کاتەوە هەڵوێستی ئەوان و کۆشکی سپیش گۆڕدراون.
رۆژنامەڤانێک پرسیاری لە دۆناڵد ترەمپ کرد، گوتی، "پێتان وایە، رژێم لەوێ بگۆڕدرێت؟"
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "بەدڵنیاییەوە بێگومان دەکرێ هەموو شتێک رووبدات، ئەوەش دەکرێت رووبدات."
رووسیا پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ ئێران هەیە. ڤلادیمیر پووتین دەڵێت، ئێران داوای هاوکاری سەربازی لێ نەکردوون؛ گوتەبێژەکەیشی دەڵێت، پێویستە ئیسرائیل و ئەمریکای هاوپەیمانی هۆشیارانە هەنگاو بنێن و بیر کە گۆڕینی دەسەڵات نەکەنەوە.
دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی رووسیا رایگەیاند، "پێویستە ئەوە قبووڵنەکراو بێت. تەنانەت قسەکردنیش لەبارەی دەبێت قبووڵنەکراو بێت بۆ هەمووان. ئەگەر شتێکی وەها رووبدات، رووسیا زۆر بە نەرێنی کاردانەوەی دەبێت و بە تووندی سەرکۆنەی دەکەین."
رۆژی 19ی مانگ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، لە سەرەتای جەنگی غەززەدا گوتوویەتی کە سیمای رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەگۆڕن، بەڵام ئێستا بۆچوونێکی دیکەی هەیە و دەڵێت، سیمای جیهان دەگۆڕن.