نەتەوە یەکگرتووەکان: یەک لەسەر سێی غەززەییەکان بە دوو رۆژ ژەمێک دەخۆن
رووداو دیجیتاڵ
لە کەرتی غەززە نەبوونی خۆراک و سەختی دەستڕاگەیشتن پێی، خەڵکی تووشی بەدخۆراکی کردووە و لە دەگمەنی ئاردیش، ناوەکەیان گۆڕیوە بۆ "زێڕی سپی."
شاوگ بەدری، ئاوارەیەکی کەرتەکەیە و دەڵێت، "ئەمە زێڕی سپییە. ئەمە خۆراکی منداڵەکانمە و لەسەر ئەمە دەژین. سوپاس بۆ خوا، فەردەیەک ئارد بۆ ئێمە نرخی تەواوی جیهانی هەیە. نان دەدەمە منداڵەکان و پێیڕازین."
لە سەرەتای ئەم مانگەوە ئیسرائیل ئاسانکاری بۆ گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بە غەززە کردووە، بەڵام ئەمە بەس نییە.
بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە هەر 10 بارهەڵگرێک کە چووەتە غەززە، یەکێکیان دابەشکراوە، ئەوەی دیکە بردراوە، جا یان لەلایەن خەڵکی برسییەوە یان گرووپە چەکدارەکانەوە. ئەمە لەکاتێکدایە نزیکەی شەش هەزار بارهەڵگری دیکەش ئامادەن بچنە نێو غەززە.
حەنان سەعید، ئاوارەیەکی دیکەیە کەرتەکەیە و باس لەوە دەکات، "چوومە دەروازەی زیکیم بۆ ئەوەی ئارد وەربگرم و فەردەیەک ئاردم وەرگرت بۆ ئەوەی بیدەمە منداڵەکانم. زۆر بە قورسی پارچەیەک نانمان دەستدەکەوێت."
بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە هەر سێ غەززەییەک یەکێکیان بە دوو رۆژ یان زیاتر جارێک نان دەخۆن. بە گوێرەی تەندروستیی غەززە، لە تشرینی یەکەمی 2023ـوە 266 کەس لە کەرتەکە لە برسا مردوون.