ئیسرائیل دەیان هەزار سەربازی یەدەگ بانگهێشت دەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

وەک ئامادەکارییەک بۆ هێرشێکی چاوەڕوانکراو بۆ سەر شاری غەززە، سوپای ئیسرائیل دەیان هەزار سەربازی یەدەگی بانگهێشت کردەوە؛ ئەمەش لە کاتێکدایە، دوای نزیکەی دوو ساڵ لە جەنگ حکومەتی ئیسرائیل تاوتوێی پێشنیازێکی نوێی ئاگربەست دەکات.
 
بانگهێشتکردنەکەی رۆژی چوارشەممە 20-08-2025 ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئیسرائیل بەردەوامە لەسەر پلانەکەی بۆ کۆنترۆڵکردنی گەورەترین ناوەندی شاری غەززە سەرەڕای رەخنە نێودەوڵەتییەکان لە ئۆپەراسیۆنێک کە ئەگەری هەیە ببێتە هۆی ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆر زیاتری فەلەستینییەکان.
 
بەرپرسێکی سەربازی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، سەربازە یەدەگەکان تاوەکو مانگی ئەیلوول پەیوەندی بە ئەرکەکانیانەوە ناکەن، ئەمەش هەندێک کات دەداتە نێوەندگیرەکان بۆ پڕکردنەوەی کەلێنەکانی نێوان گرووپی چەکداری فەلەستینی حەماس و ئیسرائیل لەسەر مەرجەکانی ئاگربەست.
 
بەرپرسەکە گوتی: "دەچینە قۆناخێکی نوێی شەڕەوە، ئۆپەراسیۆنێکی قۆناخ بە قۆناخ، ورد و ئامانجدار لەناو و دەوروبەری شاری غەززەدا دەکەین، کە ئێستا وەک قەڵای سەرەکیی سەربازی و حوکمڕانیی حەماسە."
 
کابینەی ئەمنیی ئیسرائیل، بە سەرۆکایەتیی بنیامین نەتەنیاهوو، ئەم مانگە پلانێکی بۆ فراوانکردنی هەڵمەتەکە لە غەززە پەسەد کرد، ئەمەش بە ئامانجی دەستبەسەرداگرتنی شاری غەززە.
 
هەوڵەکان بۆ ئاگربەست بەردەوامن
 
جەنگەکە لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 دەستیپێکرد کاتێک چەکدارانی حەماس هێرشیان کردە سەر کۆمەڵگە جوونشینەکان، بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیل نزیکەی 1,200 کەسیان کوشت و 251 کەسیشیان بە بارمتە گرت. لە بەرامبەردا، بەگوێرەی بەرپرسانی تەندروستیی غەززە، زیاتر لە 62,000 فەلەستینی لە هەڵمەتەکەی ئیسرائیلدا کوژراون.
 
حەماس بە پێشنیازێکی نێوەندگیرەکان بۆ ئاگربەستێکی 60 رۆژە رازی بووە کە ئازادکردنی هەندێک لە بارمتەکان و زیندانییە فەلەستینییەکان لە ئیسرائیل لەخۆدەگرێت. حکومەتی ئیسرائیل دەڵێت دەبێت هەموو ئەو 50 بارمتەیەی ماوە بە یەکجار ئازاد بکرێن، ئێستا ئیسرائیل تاوتوێی پێشنیازەکە دەکات.
 
ترس لە کارەساتێکی مرۆیی نوێ
 
زۆر لە دانیشتووانی غەززە و سەرکردە بیانییەکان ترسیان لەوە هەیە هێرشکردنە سەر شاری غەززە قوربانی زۆری لێ بکەوێتەوە. ئیسرائیل دەڵێت پێش دەستپێکردنی هەر هێرشێک یارمەتیی هاووڵاتیانی سڤیل دەدات ناوچەکانی شەڕ جێبهێڵن.
 
شەوی رابردوو، سوپای ئیسرائیل بۆردوومانی گەڕەکەکانی رۆژهەڵاتی شاری غەززەی کرد و بەرپرسانی تەندروستیی غەززە رایانگەیاند، لانیکەم 19 کەس کوژراون.
 
سامر ئەبو باسل لە رێگەی تەلەفۆنەوە لە غەززەوە بە رۆیتەرزی گوت: "ئەمجارە ئەگەر رێککەوتنێک نەبێت، دەترسم هەموومان بمرین. لێرە بمرین یان لە هەر شوێنێک کە پاڵمان پێوە بنێن، هەمان شتە. ئێمە باوەڕمان بەم جیهانە و بە سەرکردەکانمان نەماوە."