لە هێرشێکی ئیسرائیلدا بۆ سەر باشووری لوبنان کەسێک کوژرا
رووداو دیجیتاڵ
لوبنان رۆژی شەممە رایگەیاند، لە هێرشێکی ئیسرائیلدا بۆ سەر باشووری وڵاتەکەی کەسێک کوژراوە.
سەرەڕای ئاگربەستێکی چەند مانگەی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا، ئیسرائیل هێرشە کوشندەکانی بۆ سەر لوبنان نەوەستاندوون.
تیمەکانی فریاگوزاری لە ناوچەی مەرجعیون لە شوێنی رووداوەکە بوون، کە پاشماوەی ئۆتۆمبێلێکی سپی بە سووتاوی لە لێواری رێگەکەدا کەوتبوو.
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان لە راگەیێنراوێکدا گوتی: "هێرشی دوژمنی ئیسرائیلی بۆ سەر ئۆتۆمبێلێک لەسەر رێگەی خەردەلی، بووە هۆی کوژرانی کەسێک."
جگە لە هێرشە ئاسمانییەکان، ئیسرائیل هێزەکانیشی لە پێنج ناوچەی باشووری لوبنان هێشتووەتەوە کە بە ستراتیژییان دەزانێت.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، هێرشەکانی پێشووتری، چەکدارانی گومانلێکراوی حیزبوڵڵا یان دامەزراوەکانیانی کردووەتە ئامانج.
رۆژی هەینی، لە دوو هێرشی ئیسرائیلدا دوو کەس لە باشووری لوبنان کوژران، کە سوپای ئیسرائیل رایگەیاند ئەندامی حیزبوڵڵا بوون.
رۆژێک پێشتریش، سوپای ئیسرائیل رایگەیاندبوو کە لە چەند ناوچەیەک هێرشی کردووەتە سەر کۆگاکانی چەکی حیزبوڵڵا، دوای ئەوەی داوای لە خەڵکی سڤیل کردبوو ناوچەکە چۆڵ بکەن.
لەژێر گوشاری زۆری ئەمریکا و لە ترسی فراوانبوونی هێرشەکانی ئیسرائیل، حکومەتی لوبنان هەوڵی چەککردنی حیزبوڵڵا دەدات.
یوسف راجی، وەزیری دەرەوەی لوبنان رایگەیاندووە، سوپا لە ماوەی سێ مانگدا پرۆسەی چەککردنی حیزبوڵڵا لە ناوچە سنوورییەکاندا تەواو دەکات.
سوپای لوبنان رایگەیاند، هێرشەکانی رۆژی پێنجشەممەی ئیسرائیل، ژمارەی پێشێلکارییەکانی ئاگربەستی لەلایەن ئەو وڵاتەوە گەیاندووەتە 4500 پێشێلکاری و هۆشداریی دا کە ئەمە مەترسیی هێواشکردنەوەی پرۆسەی چەککردنی حیزبوڵڵای لێدەکەوێتەوە.