ئێران و سوپای پاسداران پاش بڕیارە نوێیەكەی ترامپ
رووداو ـ هەولێر
شەوی هەینیی رابردوو، دۆناڵد ترامپ، سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند وڵاتەكەی ئامادە نییە لەسەر رەوتێك بەردەوام بێت كە ئاكامەكەی "تیرۆری زیاتر، توندوتیژیی زیاتر و هەڕەشەی دەركەوتنی ئێرانێكی ئەتۆمییە"، بۆیەش ئیدارەكەی ئامادە نییە پابەندبوونی ئێران بە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە پشتڕاست بكاتەوە. پاكێجە نوێیەكەی ترامپ دەیسەلمێنێ كە ئیدارەی نوێ، بە پێچەوانەی ئیدارەی پێشوو، ستراتیژێكی بۆ ئێران هەیە، بەڵام جێبەجێكردنی ئاسان نابێ.
لە دیباچەی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ئێراندا هاتووە: جێبەجێكردنی تەواوی رێككەوتنەكە رۆڵی ئەرێنی دەبێت "لە سەقامگیركردنی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا"، ئیدارەی ئەمریكی ئەم بڕگەیە بە "رۆحی رێككەوتنەكە" دەزانێت كە ئێران پێوەی پابەند نەبووە. لای ئیدارەی ترامپ رێككەوتنە ئەتۆمییەكە و پاراستنی ئاسایش و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكەدا دوو بابەتی لێكدانەبڕاون.
زیاتر لە دوو ساڵ بەسەر راگەیاندنی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ڤیەننادا تێپەڕیوە، لەو ماوەیەشدا ئێران دەستكراوەتر لە جاران یارمەتیی حوسییەكانی یەمەن، حیزبوڵڵای لوبنان، چەكدارانی شیعەی و عەلەوی لایەنگری ئەسەد و حەشدی شەعبیی عێراقی داوە. هەر چوار هێزەكە ئێستا لەدژی داعش و گرووپە تەكفیرییەكان شەڕ دەكەن، بەڵام لەگەڵ تەواوبوونی ئەو شەڕە، خۆیان دەبنەوە بە هۆكاری ناسەقامگیری لە ناوچەكەدا.
جەیمز جێفری، باڵیۆزی پێشووی ئەمریكا لە عێراق دەڵێت: "زۆربەی سەركردەكانی وڵاتانی ناوچەكە كە لە ماوەی 24 مانگی رابردوودا قسەم لەگەڵ كردوون، لەسەر ئەوە كۆكن كە داعش و قاعیدە نا، بەڵكو ئێران هەڕەشەی سەرەكییە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەكە".
پاكێجەكەی ترامپ:
بەپێی گوتارەكەی ترامپ، ئیدارەی ئەمریكا جارێ رێككەوتنەكە ناخاتە تەنەكەی خۆڵەوە. ئەمەش بەو مانایەیە كە هەوڵەكانی وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی ئەمریكا بۆ ساردكردنەوەی ترامپ لە هەڵوەشاندنەوەی یەكلایەنەی رێككەوتنە ئەتۆمییەكە سەركەوتوو بووە، هیچ نەبێت بۆ ماوەی 60 رۆژ.
بەپێی بڕیارە نوێیەكەی ترامپ، كۆنگرێس 60 رۆژ كاتی لەبەردەستە بۆ ئەوەی سزای نوێ بەسەر ئێراندا بسەپێنێ یان رێككەوتنەكە هەڵبوەشێنێتەوە. وەكوو كەسانی ئاگادار لە مشتومڕەكان بە (نیویۆرك تایمز)ی ئەمریكییان گوتووە "ئامانجی ترامپ ئەوە نەبوو دەستی كۆنگرێس هێندە كراوە بێت، بەڵكو ترامپ دەیویست كۆنگرێس پڕۆژە بڕیارێك پەسەند بكات كە تێیدا رێگە بە كۆشكی سپی بدات سزای نوێ بەسەر ئێراندا بسەپێنێ".
ترامپ سێ ئەگەری دانابوو بۆ ئەوەی كۆنگرێس پڕۆژە یاساكەی بۆ دەربكات: دانانی سیستەمی مووشەكیی كیشوەربڕ لەلایەن ئێرانەوە، ئامادەنەبوونی ئێران بۆ درێژكردنەوەی ماوەی سزا ئەتۆمییەكان و دۆزینەوەی بەڵگە لەسەر ئەوەی كە ئێران لە 12 مانگی داهاتوودا دەتوانێت ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی. ئەمانە ئەو بیانووانەن كە ترامپ دایناوە بۆ كشانەوەی یەكجاری لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە. ترامپ لە گوتارەكەیدا هۆشداری دا ئەگەر كۆنگرێس و وڵاتانی هاوپەیمان چارەسەرێك نەدۆزنەوە "رێككەوتنەكە كۆتایی دێت".
سەرچاوەكانی نزیك لە كۆشكی سپی ئاشكرای دەكەن كە ترامپ لەچەند رووەوە كێشەی لەگەڵ رێككەوتنە ئەتۆمییە شەش قۆڵییەكە هەیە و داوای هەمواركردنەوەیان دەكات، تاوەكوو ئەمریكا لە رێككەوتنەكە نەكشێتەوە. بە بۆچوونی سەرۆكی ئەمریكا، رێككەوتنەكە هیچ بەربەستێكی بۆ سیستەمی مووشەكیی ئێران دانەناوە، ماوەی كارپێكردنی مادەكانی رێككەوتنەكە كورتە، هیچ رێوشوێنێكی بۆ فراوانخوازییەكانی ئێران لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دانەناوە.
بەگوێرەی یاسایەكی ساڵی 2015، كۆنگرێس مافی چاودێریكردنی رێككەوتنەكەی هەیە، لەو چوارچێوەیەشدا سەرۆكی ئەمریكا دەبێ هەموو 90 رۆژ جارێك راپۆرتێك رادەستی كۆنگرێس بكات و تێیدا پابەندبوون یان نەبوونی ئێران بە رێككەوتنەكە بخاتەڕوو. بەگوێرەی یاساكە، ئەگەر سەرۆك رایگەیاند ئێران پابەندی رێككەوتنەكە نەبووە، ئەوە كۆنگرێس 60 رۆژ كاتی لەبەردەستە بۆ ئەوەی بڕیار بدات سزای نوێ بەسەر ئێراندا بسەپێنێت یان نا، بەڵام سەرۆكی ئەمریكا داوای لە كۆنگرێس نەكردووە سزای نوێ بەسەر ئێراندا بسەپێنێ، بەڵكو داوا دەكات یاساكەی 2015 هەموار بكرێتەوە و سەپاندنی سزاكان لە چوارچێوەی یاسا هەمواركراوەكەدا بێت. بۆ ئەوەی ئەم داوایەی ترامپ سەربگرێت، پێویستی بە 60 دەنگی ئەنجوومەنی پیرانە، واتە دەبێ سیناتۆری دیموكراتیش پشتگیری لە پلانەكەی ترامپ بكەن.
رازیكردنی ئەوروپا
هەمواركردنی ئەو یاسایە پێویستی بە پشتگیریی نێودەوڵەتیش هەیە، لەبەرئەوەی ژمارەیەك لە هەموارەكان پێویستیان بە دەستكاریكردنی رێككەوتنەكەی ڤیەننایە، لەوانەش درێژكردنەوەی ماوەی كارپێكردنی هەندێك لە مادەكانی رێككەوتنەكە. بۆیە چاوەڕێ دەكرێت لە دوو مانگی داهاتوودا تیلەرسن ژمارەیەك دانیشتنی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا، فەرەنسا، بەریتانیا، چین و رووسیا هەبێت كە واژۆیان لەسەر رێككەوتنی 5+1 كردووە.
بەڵام رۆژی هەینی، فەرەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا رایانگەیاند كە ئەوان لە رێككەوتنەكە ناكشێنەوە. وەزارەتی دەرەوەی رووسیاش لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند "گوتاری هەڕەشەئامێز و توندی ئیدارەی ترامپ هیچ شوێنێكیان لە دیپلۆماسی نێودەوڵەتیدا نییە و مەحكومن بە شكست". حەسەن روحانی، سەرۆككۆماری ئێران، دوای گوتارەكەی ترامپ، پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند وڵاتەكەی بیر لە قەبووڵكردنی هیچ دەستكاری و هەموارێكی رێككەوتنەكە ناكاتەوە.
ئالێكس وەتەنخاه، لێكۆڵەری پەیمانگای رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، پێیوایە "ئیدارەی ترامپ دەبێ كۆمەڵێك نیگەرانی هاوبەش لەگەڵ ئەوروپییەكان بدۆزێتەوە و وەكوو بناغەیەك بۆ سنوورداركردنی سنووری چالاكییەكانی ئێران كەڵكیان لێوەر بگرێ". بەبۆچوونی وەتەنخاه، یەكێك لەو خاڵانەی كە واشنتن و ئەوروپییەكان دەتوانن لەسەری كۆك بن، ئەوەیە كە "بەسەربازیكردنی سیاسەتی دەرەوەی ئێران لە ناوچەكە هەوڵێكە بۆ تێكدانی ئەو نەزمە كەمەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا ماوە". تێكچوونی نەزمی ناوچەكە واتە سەرهەڵدانی شەڕی نێوخۆ، سەرهەڵدانی گرووپی توندوتیژ و دواجاریش ناچاركردنی ملیۆنان كەس بۆ ئەوەی ببنە كۆچبەر.
بەبۆچوونی وەتەنخاه، خاڵی لاوازی ئێران ئابوورییەكەیەتی كە هیچكات بە سەقامگیرییەكی تەواو نەگەیشتووە، جگە لەوەش سیستەمی ئابووریی ئێران دەرفەتێكی زۆری بۆ بازرگانییەكانی سوپای پاسداران كردووەتەوە.
بۆیە ئەو لێكۆڵەرە بە رەچەڵەك ئێرانییە دەڵێت، ترامپ دەتوانێت بۆ رێگری لە سیاسەتەكانی ئێران پشت بە ئەوروپا ببەستێ، چونكە ئەمە رێك ئەو خاڵەیە كە تێیدا بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا و ئەوروپا یەكدەگرێتەوە و دەكرێت بەهۆی سزای ئابوورییەوە جڵەو بكرێت. وەتەنخاه بە دووری نازانێت ئەو گوشارانە ئێران ناچار بكات مەرجی دەستكارییكردنی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەش قەبووڵ بكات و ناكۆكیی نێوان حكومەتەكەی رووحانی و سوپای پاسدارانیش قووڵ بكاتەوە.
سوپای پاسداران و كۆشكی سپی
دۆسیەی سوپای پاسداران یەكێكە لەو كێشانەی ناكۆكی و لێكدژی لە پاكێجەكەی ترامپدا دروستكردووە، وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا رایگەیاندووە كە سوپای پاسداران دەخرێتە لیستی تیرۆرەوە. پێشتر تەنیا سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسداران لەو لیستەدا بوو.
بەڵام ئیدارەی ترامپ ناوی سوپای پاسدارانی نەخستووەتە لیستی رێكخراوە تیرۆریستییەكانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا. رێكس تیلەرسن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا گوتی "بە تیرۆریست لەقەڵەمدانی سوپای پاسداران كێشە بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییانە دروستدەكات كە هێزەكانی ئەمریكا و ئێران لەناو هەمان بەرەی شەڕدا كۆدەكاتەوە"، مەبەستی تیلەرسن شەڕی دژی داعش بوو.
ئەمەش بەو مانایەیە كە بڕیارەكەی ئەمجارە بەتەواوی دەستی سوپای پاسداران نابەستێ.