زاوای ترەمپ: ئیسرائیل بیەوێت لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست قبووڵ بکرێت پێویستە ژیانی فەلەستینییەکان باش بکات

 
رووداو دیجیتاڵ 

جارید کوشنەر، زاوا و راوێژکاری دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند پێویستە ئیسرائیل هاوکاریی فەلەستینییەکان بکات و هەوڵی باشترکردنی ژیانیان بدات ئەگەر دەیەوێت بە تەواوی تێکەڵی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ببێت و قبووڵ بکرێت.
 
لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی سی بی ئێسی ئەمریکی، کوشنەر، سەبارەت بە سیاسەتی داهاتووی ئیسرائیل لە ناوچەکە گوتی: "گەورەترین پەیام هەوڵماندا بە سەرکردایەتیی ئیسرائیل بگەیێنین ئەوەیە، ئێستا جەنگ کۆتایی هاتووە، ئەگەر دەتانەوێت ئیسرائیل لەگەڵ رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا تێکەڵ بکەن، دەبێت رێگەیەک بدۆزنەوە بۆ هاوکاریکردنی گەلی فەلەستین بۆ گەشەکردن و کاری باشتر."  
 
سەبارەت بە تێڕوانینی کوشنەر بۆ داهاتووی گەلی فەلەستین، ئەو رایگەیاند رێگەدان بە گەشەکردنی ژیانیان کاری لەپێشینەیان دەبێت و  دەڵێت، ئەمریکا جەخت لەسەر هێنانەکایەی دەرفەتێکی باشی ئاسایش و ئابووریی هاوبەش بۆ ئیسرائیل و فەلەستینییەکان دەکەنەوە "بۆ ئەوەی بتوانن شان بە شانی یەکدی بژین."
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە دەوڵەتی فەلەستینی، زاواکەی ترەمپ گوتی: "ئەوە بە تێپەڕبوونی کات، رێگە بە فەلەستینییەکان دەدەین خۆیان بڕیار بدەن."
 
'حەماس نیازی ناپاکیی نییە'
 
سەبارەت بە نیازی بزووتنەوەی حەماس بۆ داهاتوویان و داهاتووی کەرتی غەززە، کوشنەر، دووپاتیکردەوە، حەماس بەدوای تەرمی بارمتەکاندا دەگەڕێت و هیچ نیازێکی ناپاکییان نییە لە پرۆسەی گەڕاندنەوەی تەرمەکان بۆ ئیسرائیل و بە ئەنقەست دوایناخەن.
 
بەگوێرەی حکومەتی ئیسرائیل، تاوەکو رۆژی دووشەممە، بزووتنەوەی حەماس هێشتا 16 بارمتەی لەو 28 بارمتە کوژراوەی نەگەڕاندووەتەوە کە هێشتا لە غەززە ماون.
 
ئەو گرووپە فەلەستینییە رایگەیاندووە، بەهۆی ئاستی وێرانکارییەکانی کەرتی غەززە ناتوانێت دەستبەجێ تەرمەکان بدۆزێتەوە و بیانگەڕێنێتەوە، بەڵام ئیسرائیل، حەماسی تۆمەتبار کردووە بەوەی 'بەئەنقەست' پرۆسەی رادەستکردنەوەی تەرمی بارمتەکان دوادەخات و رایگەیاندووە، ئەوان دەستیان بە زۆربەی تەرمەکان دەگات دەتوانێت هەر کاتێک بیەوێت رادەستیان بکات.
 
لەبارەی رۆڵی ئەمریکا لە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان، کوشنەر دەڵێت: "هەوڵێکی زۆر چڕوپڕ دراوە لە لایەن سەنتەری هاوبەشمان لەگەڵ ئیسرائیل و وڵاتانی نێوەندگیری دیکە بۆ هاوبەشکردنی هەر زانیارییەک کە ئیسرائیل لەسەر شوێنی تەرمەکان هەیەتی تاوەکو بیگەیێنینە دەست لایەنەکانی نێوەندگیر و گەیاندنی زانیارییەکان بە حەماس تاوەکو بەدوای تەرمەکاندا بگەڕێن."
 
کوشنەر ئاماژەی بەوەش کرد ئەمریکا هەوڵ دەدات "گوشار بخاتە سەر هەردوولا [ئیسرائیل و حەماس] تاوەکو هەوڵەکانیان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک چڕتر بکەنەوە، لە جیاتی ئەوەی یەکدی تۆمەتبار بکەن بە پێشێلکردنی رێککەوتنامەکە." 
 
ئەو لێدوانە نوێیەی زاواکەی ترەمپ، لەکاتێکدایە، رۆژی یەکشەممە، سەرۆکی ئەمریکا بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، سەرکردایەتیی حەماس دەستی نەبووە لە هێرشەکەی رۆژی یەکشەممە بۆ سەر هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری کەرتی غەززە و ئاماژەی بەوەدا "هەندێک لە یاخیبووانی ناوخۆی غەززە ئەو کارەیان کردووە."
 
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو دەڵێت: "هەرچۆنێک بێت، بە گونجاوی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. بە توندی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، بەڵام بە شێوەیەکی گونجاو."
 
ترەمپ هیوای خواست ئاگربەستەکە بەردەوام بێت و دەڵێت ئەمریکا دەیەوێت دڵنیایی بدات، بەوەی "لەگەڵ حەماس زۆر ئاشتیخواز دەبێت. وەک دەزانیت، ئەوان زۆر سەرکێش بوون. هەندێک تەقە و تۆقیان کردووە، بەڵام ئێمە پێمانوایە رەنگە سەرکردایەتی حەماس بەشدارییان لەو کارەدا نەکدبێت."