وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دوایین ئاگادارکردنەوەی دایە حەماس

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، فەرمانی بە سەربازانی وڵاتەکەی لە غەززە کردووە هەر چەکدارێکی حەماسیان لە دەرەوەی هێڵی زەردی غەززە بینی، تەقەی لێبکەن. دەشڵێت، سەلامەتی سەربازانیان لە پێشینەی ئامانجەکانیانە. 
 
رۆژی دووشەممە 20ی تشرینی یەکەمی 2025، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە ئێکس بڵاویکردەوە، "فەرمانم بە سوپای ئیسرائیل کردووە پەیامێکی روون بدەنە سەرکردەکانی حەماس لە غەززە، کە هەر تیرۆرستێکی حەماس لە دەرەوەی هێڵی زەرد و ئەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی ئیسرائیلدان پێویستە شوێنەکانیان چۆڵبکەن." 
 
هێڵی زەرد ئەو ناوچەیەی غەززەیە، کە دانیشتووانی ناوچەکە دەتوانن تێیدا بمێننەوە و بسوڕێنەوە. دەرەوەی ئەو ناوچەیە لەژێر کۆنترۆڵی ئیسرائیلە. ئێستا 47٪ی غەززە لەنێو هێڵی زەردە و بڕیاریشە لە قۆناخەکانی دیکەی ئاگربەستدا ناوچەیەکی فراوانتری غەززە بکەونە نێو هێڵی زەردەوە. 
 
هێڵەکە بەشێکە لە پلانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئاگربەستی غەززە. ئاگربەستەکە 10ی ئەم مانگە چووە بواری جێبەجێکردنەوە. 
 
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کرد، "هەر کەسێک لە دەرەوەی ئەو ناوچەیە بێت، دەبێتە ئامانجی هێزەکانی ئیسرائیل و پێویستە سەرکردەکانی حەماسیش بەرپرسیاریێتی هەر جۆرە رووداوێک لە ئەستۆ بگرن". گوتیشی، "ئەم فەرمانە سەربازانی ئیسرائیل ئازاد دەکات لە کارکردن و لەنێوبردنی دەستبەجێی هەر هەڕەشەیەک". 
 
ئەو گوتانەی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دوای ئەوە هاتن کە دوێنێ، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند: "وەک وەڵامێک بۆ پێشێلکاریی ئاشکرای رێککەوتنی ئاگربەست، سوپای ئیسرائیل، دژی ئامانجە تیرۆریستییەکانی حەماس لە باشووری کەرتی غەززە، دەستی بە زنجیرەیەک هێرش کردووە."
 
سوپای ئیسرائیل راشیگەیاند: "تیرۆریستان مووشەکی دژە تانکیان ئاراستە کردووە و تەقەیان لە هێزەکانی سوپا لە رەفەح کردووە."
 
بەڵام بزووتنەوەی حەماس ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە. عیزەت رشق، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حەماس رایگەیاند، ئیسرائیل "بەردەوامە لە پێشێلکردنی رێککەوتنەکە و بیانووی لاواز بۆ پاساودانی تاوانەکانی دەهێنێتەوە." باڵی سەربازیی حەماسیش جەختیکردەوە کە "هیچ زانیارییەک"یان لەبارەی هیچ پێکدادانێک لە رەفەح نییە.
 
لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلدا، دەزگەی بەرگریی شارستانیی غەززە رایگەیاند، تەنیا یەکشەممە بەلایەنیکەمەوە 33 کەس لە سەرانسەری کەرتەکەدا کوژراون.
 
هاوکات سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، دوو سەربازیان بە ناوەکانی یانیڤ کولای تەمەن 26 ساڵ و ئیتای یاڤێتزی تەمەن 21 ساڵ، "لەکاتی شەڕدا لە باشووری کەرتی غەززە کوژراون."