هەرێمی کوردستان پێنجشەممەی وەکو یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان دیاریکرد
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا رۆژی چوارشەممە تەواوکەریی مانگی شەعبان بێت و رۆژی پێنجشەممە 23-03-2023 یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان بێت.
رۆژی سێشەممە 21-03-2023، لیژنەی بینینی مانگ لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان بۆ دیاریکردنی یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان کۆبووەوە.
وەک لیژنەکە دەڵێت، "بەپشت بەستن بە بەڵگە شەرعییەکانی بینینی مانگ و هاوئاهەنگیمان لەگەڵ لیژنە لاوەکییەکانمان بۆ چاودێریکردنی بینینی مانگ لەسەر ئاستی هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و ئیدارە سەربەخۆکان لەبەر نەبوونی بەڵگەی شەرعی پێویست دەرکەوتووە کە مانگ لە ئاسمانی هەرێمی کوردستان نەبینراوە."
چاودێریکردنی مانگ لە هەرێمی کوردستان، بەگوتەی نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، "بە هەردوو شێوازی کلاسیکی و کۆنەکە واتە لە رێگەی چاوەوە و لە رێگەی تلیسکۆبیشەوە دەبێت، بەنموونە لە چیای گڵەزەردە لە سلێمانی و چیای زاوا لە دهۆک و چیا بەرزەکانی ناوچەی حاجی ئۆمەران و چۆمانەوە بەچاو چاودێریی مانگ دەکرێت."