میدیای لوبنان: لە هێرشێکی ئیسرائیلدا کەسێک کوژرا و دووی دیکە بریندار بوون
رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمیی لوبنان رایدەگەیێنێت، بەرەبەیانی رۆژی شەممە بەهۆی هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر ماڵێک لە شارۆچکەیەکی باشووری وڵاتەکە، کەسێک کوژرا و 2 کەسی دیکەش بریندار بوون.
هاوکات سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئەوان هێرش دەکەنە سەر پێگەکانی حیزبوڵڵا لە بەیرووت.
رۆژی شەممە، 21ی ئاداری 2026، ئاژانسی هەواڵی نیشتمانیی لوبنان (NNA) بڵاویکردەوە: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشێکی قورسیان کردە سەر ماڵێک لە شارۆچکەی غەندوریە."
ئاژانسە فەرمییەکەی لوبنان ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەهۆی هێرشەکەوە "کەسێک شەهید بووە و 2 کەسی دیکەش بریندار بوون، کە توانراوە لەژێر داروپەردووی ماڵەکەدا دەربهێندرێن."
ئەم رووداوە لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر پێگەکانی حیزبوڵڵا و ناوچەکانی باشووری لوبنان لە چوارچێوەی ئەو جەنگە فراوانەی کە ناوچەکەی گرتووەتەوە.