سێنتکۆم: 130 کەشتیی جەنگیی ئێرانمان تێکشکاندووە
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) چوارەمین راگەیێندراوی لەبارەی ئۆپەراسیۆنی (توورەیی داستانئاسا) بڵاوکردەوە و دەڵێ، لە 22 رۆژی جەنگدا گەورەترین پەکخستنی هێزی دەریایی لە مێژووی هاوچەرخدا ئەنجامدراوە و ئاماژە بەوە دەکات: "ئێستا هێزی ئاسمانی و دەریایی ئێران لە پەککەوتنی تەواودان."
رۆژی شەممە، 21-03-2026، ئەدمیراڵ براد کوپەر، فەرماندەی سێنتکۆم لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا دوایین پێشهاتەکانی شەڕی ئێرانی خستەڕوو. کوپەر رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا بەپێی پلان کاردەکەن بۆ لەنێوبردنی توانای ئێران لە پیشاندانی هێز لە دەرەوەی سنوورەکانی.
ئەدمیراڵ براد کوپەر گوتی، دوو رۆژ لەمەوبەر سوپای ئەمریکا مووشەکی وردی بۆ پێکانی ژێرخانە سەربازییەکانی ئێران بەکارهێنا؛ ئاماژەی بەوەشکرد: "تاوەکو ئێستا فڕۆکەوانەکانمان زیاتر لە هەشت هەزار گەشتی جەنگییان ئەنجامداوە، ئەمەش باڵادەستیی تەواوی ئێمە لە ئاسمانی ئێراندا دەسەلمێنێت."
لەنێوبردنی 130 کەشتی و 8000 ئامانج
بەپێی فەرماندەی سێنتکۆم، لە سێ هەفتەی رابردوودا زیاتر لە هەشت هەزار ئامانجی سەربازی پێکراون، لەوانە 130 کەشتیی جەنگیی ئێران.
کوپەر گوتی: "ئەمە گەورەترین لەنێوبردنی هێزی دەریایی وڵاتێکە لە ماوەی سێ هەفتەدا، لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە؛" ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێستا کەشتیگەلی ئێران ناجووڵێن و فڕۆکە جەنگییەکانیشیان نافڕن.
ئەدمیراڵ کوپەر باسی لە بەهێزترین چەتری بەرگریی ئاسمانی کرد کە لە ناوچەکەدا جێگیریان کردووە و گوتی: "هاوبەشەکانمان لە کەنداو، بەتایبەتی، بەرپەرچی هەزاران هێرشی درۆنیی ئێرانیان داوەتەوە؛" گوتیشی بە بۆمبی پێنج هەزار پاوەندی، بنکە و حەشارگە ژێرزەوینییەکانی کەناراوەکانی ئێرانیان کردووەتە ئامانج کە بۆ کۆگاکردنی مووشەکی دژە کەشتی و رادارەکان بەکاردەهاتن، تاوەکو هەڕەشە لەسەر تەنگەی هورمز نەهێڵن.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا کوپەر سێ رێنمایی ئاراستەی ئەو 50 هەزار سەربازە ئەمریکییە کرد کە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بەشدارن و گوتی: "یەکەم، بێبەزەییانە کوشندە بن. دووەم، هاوتیمی باش بن و ئاگاتان لە یەکدی بێت. سێیەم، ویستیان جێگیر بکەن، چونکە ئێوە لەسەر شانی پاڵەوانە گەورەکانی ئەمریکا وەستاون."
ئەو گوتانەی کوپەر لە کاتێکدان، رۆژی 28ی شوبات، سوپاکانی ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامی دایەوە. وەکو بەشێک لە وەڵامەکەی، ئێران هێرشی کردووەتە سەر وڵاتانی کەنداو.
لە دووەم رۆژی جەنگەکەوە، تاران تەنگەی هورمزی داخستووە و هۆشداریشی بە کۆمپانیاکانی گواستنەوە و وڵاتان لە ئەگەری هەوڵدان بۆ تێپەڕاندنی ئەو تەنگەیە داوە.