هۆشداریی چۆڵکردنی دەوحە راست نییە
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی میدیا فەرمییەکانی ئێران و لەنێویشیان دەنگ و رەنگی ئێران (سەدا و سیما) شەوی شەممە هۆشدارییەکیان بەناوی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ چۆڵکردنی شاری دەوحەی پایتەختی قەتەر بڵاوکردەوە، بەرەبەیانی یەکشەممە هەواڵەکەیان رەتکردەوە و رایانگەیاند: "سوپای پاسداران هیچ هۆشدارییەکی بۆ بە ئامانجگرتنی شاری دەوحە نەداوە".
شەوی شەممە هۆشدارییەکە بەزمانی عەرەبی بڵاوکرایەوە و تێیدا هاتبوو: "بۆ هاونیشتمانیان و دانیشتووانی شاری دەوحە؛ بەهۆی جێگیربوونی هێز و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەم ناوچەیە و هاندانی میدیایی دژی گەلی ئێران، ئەم ناوچەیە بووەتە ئامانجێکی رەوا و بۆ پارێزراوبوونتان پێویستە لەزووترین کاتدا ناوچەکە چۆڵ بکەن".
میدیاکانی ئێران رەتکردنەوەی هەواڵەکەیان بەناوی "سەرچاوەیەکی ئاگادار لە سوپای پاسداران " بڵاوکردووەتەوە و نووسیویانە: "بەپێچەوانەی ئەم دەنگۆ درۆیینانەی لە سۆشیال میدیا بڵاوبووەتەوە، ئێران هیچ هۆشدارییەکی بۆ چۆڵکردنی دەوحەی قەتەر و میدیاکانی قەتەری نەداوە".
دەنگ و رەنگی ئێران (سەدا و سیما) لە رەتکردنەوەی هەواڵەکەیدا نووسیوێتی: "بەداوای لێبووردنەوە سەبارەت بە هەواڵی هۆشداریی چۆڵکردنی دەوحە، بەپێی فەرمی نەبوونی بابەتەکە و گوتەی سەرچاوە ئاگادارەکانن، ئەم هەواڵە بەدرۆ خرایەوە"
دوای ئەو هەواڵە، وەزارەتی ناوخۆی قەتەر لە ئێکس نووسی: "پێویستە پێش بڵاوکردنەوەی هەر هەواڵێک لە دروستییەکەی دڵنیا ببنەوە و تەنیا پشت بە سەرچاوە فەرمییەکان ببەستن بۆ وەرگرتنی زانیاریی دروست."